چامپیۆنزلیگی ئاسیا چەندین یاریی ئاگرین بەخۆیەوە دەبینێت


رووداو - هەولێر

گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەردەوامە و چەند یارییەکی بەهێز و ئاگرین ئەنجامدەدرێن.

یانەی پرێسپۆلیسی ئێرانی بەسەرکردایەتی عەلی رەزا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی کوردی یانەکە لە یارییەکی بەهێزدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدا میوانداریی یانەی باختاکۆری ئوزباکستانی دەکات و یارییەکە کاژێر 18:00 لەسەر یاریگەی ئازادی لە تاران بەڕێوەدەچێت.

یانەی دحێلی قەتەری کە رۆڵێکی گەورەی لە بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیای 2019 بۆ قەتەر بینی و پاڵەوانی خولی قەتەرە، لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی ئیستیقلال تەهرانی ئێرانی یارییدەکات، ئەم یارییەش کاژێر 18:15 ئەنجامدەدرێت.

یەکێکی دیکە لە یارییە بەهێزەکانی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، لەنێوان هەردوو یانەی عەینی ئیماراتی و هیلالی سعودی دەبێت، کاتێک کاژێر 18:20 لەسەر یاریگەی هەزاع بن زاید لە ئیمارات رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

یانەی ئەهلی سعودی، بەسەرکردایەتی عومەر سۆمەی سووری لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی سەددی قەتەری دەکات، کە بەغداد بونجاح، هێرشبەری جەزائیری سەرکردایەتیان دەکات و ئەم یارییەش کاژێر 20:15 لەسەر یاریگەی جەوهەرە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت.