ریال مەدرید چاوی لە چوارگۆشەی زێڕینی جامی شایە

05-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی شای ئیسپانیا یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا بەردەوامدەبن، یانەی ریال مەدرید دوای دۆڕانی لە یاریی رابردووی لالیگا، دەیەوێت قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە، لە رێگەی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لیگانێس یاری دەکات، ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگادا لە یاریگەی لیگانێسدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لەو یانەیەی بردووەتەوە و ئەمشەو دەیەوێت ئەو بردنەوەیە دووبارەبکاتەوە و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
 
ریال مەدرید لە کاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و دەیڤد ئالابا تووشی پێکانبوون و لە رووی بەرگرییەوە یانەکە کێشەی زۆری هەیە، جگە لەوەش هەریەکە لە دانی کارڤاخاڵ و ئیدێر میلیتاو ماوەیەکی زۆرە دوورکەوتوونەتەوە و پێشبینی ناکرێت ئیدواردۆ کاماڤینگاش بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
ریال مەدرید لە یاریی رابردووی لالیگادا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل دۆڕا، دۆڕان لە یارییەکەی ئەمشەودا تیپەکە دەخاتە نێو دۆخێکی ئاڵۆزترەوە، بەتایبەت کە یاریی داهاتوویان لە لالیگادا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدە و رکابەریی لەسەر پێشەنگی ریزبەندی لالیگا دەکەن.
 
لیگانێس لە دوایین چوار یارییدا لە ریال مەدریدی نەبردووەتەوە، بەڵام لەم وەرزەدا لە بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردووەتەوە و راهێنەری یانەکە گوتبووی دەبێت لە ریال مەدریدیش ببەینەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەک رازیبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە