ناوبژیوانێکی لالیگا: بەهۆی دەرکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە ساڵێک بێبەشکرام

05-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی لالیگا یانەی ریال مەدرید کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر ئیسترادا فێرناندێز، ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانی، ئاشکرایکردووە بەهۆی پێدانی کارتی سوور بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی ریال مەدرید، ماوەی ساڵێک لە کارەکەی دەرکراوە.
 
ئیسترادا پێشتریش لێدوانی هاوشێوەی لەبارەی گوشاری یانە و یاریزانە گەورەکان بۆ سەر ناوبژیوانانی ئیسپانیا هەبوو، بەڵام جارێکی دیکە و لە گەرمەی مشتومڕی نێوان ریال مەدرید و دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا، دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە لە ئیسپانیا ناوبژیوانان لە ژێر گوشاری یانە گەورەکاندان.
 
ئەو ناوبژیوانە، کە لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2021 لە لالیگا ناوبژیوان بووە، باسی لەوەکردووە کە چەندین یاریی یانەی ریال مەدریدی لە لالیگا بەڕێوەبردووە لە کاتێکدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ درێسی ئەو یانەیەی پۆشیوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای شکستی ریال مەدرید بەرامبەر ئیسپانیۆل لە گەڕی 22ی لالیگا، ئەو یانەیە ناڕەزایەتیی فەرمیی لەسەر ناوبژیوانی یارییەکە دەربڕی و سکاڵای فەرمی تۆمارکرد، بەهۆی پێنەدانی کارتی سوور بە کارلۆس رۆمیرۆی یاریزانی ئیسپانیۆل، پاشئەوەی بەتووندی لە کیلیان ئێمباپێی یاریزانی ریال مەدریدیدا.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دوای یارییەکە ناوبژیوانی یارییەکەی بە "لایەنگیریی رکابەرەکانمان و دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان" تۆمەتبارکرد.
 
لای خۆیەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا وەڵامی ریال مەدریدی دایەوە و گوتی، "ئەوە قبووڵکراو نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن".
 
خاڤیێر ئیسترادا دەڵێ، زۆرینەی کات ناوبژیوانەکان هەست بەوە دەکەن کە لەژێر گوشاردان لەکاتی بەڕێوەبردنی یاریی یانە گەورەکان، ئەو بەراوردی ناوبژیوانێتی نێوان بەڕێوەبردنی یارییەکی یانە گەورەکان و تیپێکی ئاسایی ناوچەکەی خۆیانی کردووە و دەڵێ، "دۆخەکە وەک یەک نییە، زۆر جیاوازە لەوەی کە یاریی تیپێکی گەورەی وەک بارسێلۆنا، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ بەڕێوەببەیت، چونکە ئەگەر لە یارییە گەورەکاندا هەڵەیەک بکەیت، لیژنەی ناوبژیوانان سزات دەدات".
 
بەرلەوەی ریال مەدرید بەفەرمی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ناوبژیوانی یارییەکەی ئیسپانیۆل رابگەیێنێت، لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا رایگەیاندبوو، سزای راگرتنی تاوەکو کاتێکی نادیار، بەسەر هەریەکە لە مونیێز رویز، ناوبژیوانی سەرەکی و ئیگلیسیاس ڤیلانوێڤای ناوبژیوانی ڤار لە یارییەکەی ئیسپانیۆل و ریال مەدرید، سەپاندووە
 
ئەو ناوبژیوانە وازهێناوە هەروەها دەڵێ، "یادگارییەکی ساڵی 2009م هەیە، کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆم لە یارییەکدا بەکارتی سوور کردە دەرەوە، ئیدی لەدوای ئەوە سزادرام و رێگەم پێنەدرا هیچ یارییەکی دیکەی ریال مەدرید بەڕێوەببەم، هەمووان دەزانن کە کاردانەوەی میدیایی هەیە و دەبێ لەکاتی بڕیارداندا زۆر وریا بیت".
 
ئەو رووداوەی ناوبژیوانەکە ئاماژەی پیداوە، لە یاریی نێوان ریال مەدرید و ئالمێریا لە ساڵی 2009 روویدا، کاتێک رۆناڵدۆ جاری یەکەم، درێسەکەی بەری دانا و دواتریش لە یاریزانێکی تیپی بەرامبەریدا و بەهۆیەوە دوو کارتی زەردی وەرگرت و پاشان دەرکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە