ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی رۆناڵدۆیە و ریال مەدرید پەیامێکی بۆ دەنێرێت

05-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی بەنێوبانگی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودییە و یانەی ریال مەدرید بەو بۆنەیەوە پەیامێک بۆ یاریزانەکە دەنێرێت.
 
ئەمڕۆ 5ـی شوباتی 2025 تەمەنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە 40 ساڵ، یاریزانەکە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکان کە لە تەمەنی 40 ساڵیدا لە یارییکردن بەردەوامە و هێشتا رکابەری دەکات بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر تۆماربکات و نازناوی زیاتریش بباتەوە.
 
بەبۆنەی رۆژی لە دایکبوونی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەوە یانەی ریال مەدرید پەیامێک ئاراستەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات و نووسیوویەتی "کریستیانۆی بەڕێز، لە ریال مەدریدەوە دەمانەوێت پیرۆزباییەکی گەرمت بۆ بنێرین بەبۆنەی 40 ساڵەی لە دایکبوونت، هەموو مەدریدییەکان شانازی بەو ئەفسانەیەی تۆوە دەکەن کە لە مێژووی یانەکەدا دروستتکردووە."
 
ریال مەدرید لە پەیامەکەیدا بۆ رۆناڵدۆ دەڵێت "هیوای رۆژێکی خۆشت بۆ دەخوازین، لەگەڵ خێزانەکەت و ئازیزانت."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە 2002ـەوە وەکو یاریزانی پیشەگەر یاری دەکات، یەکەم دەرکەوتنی لەو ساڵەدا لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی بوو، دوای ئەوە لە 2003 چووە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و تاوەکو ساڵی 2009 بە درێسی سووری ئەو یانەیەوە یارییکرد، پاشان لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا کە پێشتر نەکرابوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەنێو پێشوازیی 80 هەزار هاندەردا چووە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و بووە یاریزانی ریال مەدرید.
 
ساڵی 2018 دۆن ریال مەدریدی بەرەو یوڤێنتوس بەجێهێشت، سێ وەرز لەو یانەیە یارییکرد و گەڕایەوە مانچێستەر یونایتد.
 
ساڵی 2023 دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە سەرتۆپی پڕۆژەیەکی گەورەی تۆپی پێ لە سعودیە و پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد و تاوەکو ئێستاش لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوامە.
 
رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی تاک و بە کۆمەڵ، دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، لەنێویاندا 5 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، نازناوێکی یۆرۆ، نازناوێکی نەیشنسلیگ، جگە لەوەش 5 خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان، 4 خەڵاتی باشترین گۆڵکاری ساڵ و ئێستا یاریزانەکە گۆڵکاری مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە کاروانی یارییکردنیدا 923 گۆڵی تۆمارکردووە و چاوی لەوەیە ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا 1000 گۆڵی تۆمارکردبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە