راستیی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە هەڵبژاردەی عێراقدا چییە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق، دوای ئەوەی لە جامی ئاسیادا لە قۆناخی شازدە کرایە دەرەوە، دەیەوێت بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەشێوەیەکی زۆر باشتر خۆی ئامادەبکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای عێراق، یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، چەند پێشنیازێکی کردووە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە هەڵبژاردەی عێراقدا بکرێت.
 
بەپێی ئەو پێشنیازەی یونس مەحموود کردوویەتی، داواکراوە نەشئەت ئەکرەم، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بکرێتە سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەکە، نوور سەبری، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەکەش وەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی هەڵبژاردەی عێراق دیاری بکرێت.
 
هەر هێندە نییە، بەڵکو یونس مەحموود پێشنیازی کردووە، عەلی ریاح، پەیامنێری پێشووی کەناڵی بی ئێن سپۆرتسی قەتەری بکرێتە بەڕێوەبەری میدیایی هەڵبژاردەی عێراق و عەدنان لفتەش وەک رێکخەری میدیایی هەڵبژاردەکە دەستبەکاربێت.
 
لەبارەی ئەم هەواڵەوە، رووداو پەیوەندیی بە یونس مەحموودەوە کرد، بۆ ئەوەی راستیی هەواڵەکەی لێ وەربگرێت، بەڵام ژمارەکەی بەردەست نەبوو.
 
گۆڤەند عەبدولخالق، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە راست نین و هیچ پێشنیازێکی لەو شێوەیە نەکراوە.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیادا، سێ یاریی یەکەمی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بردەوە، بەڵام لە قۆناخی شازدە بەرامبەر ئوردن دۆڕا و ماڵئاواییکرد.
 
لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا و ڤێتنام ئەنجامداوە، هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە و یاریی داهاتووی لە رۆژی 21ـی ئادار بەرامبەر هەڵبژاردەی فلیپین دەبێت.