ئەمڕۆ یادی لە دایکبوونیەتی.. رۆناڵدۆ چی بۆ نەسڕ کردووە؟

05-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، ئەمڕۆ تەمەنی بووە 39 ساڵ و چووە نێو قۆناخێکی دیکەی تەمەنەوە، بەڵام ئەو هێشتا چاوی لە تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر و بردنەوەی نازناوە.
 
رۆناڵدۆ ئێستا لە یانەی نەسڕی سعودی یاریی دەکات، ئەو بە چوونی بۆ سعودیە لەگەڵ خۆیدا هاندەری زۆر، ئەستێرەی بەنێوبانگ و چاوی میدیای جیهانی بردە سەر خولی وڵاتەکە و ئێستا دیارترین ناوی خولی ئەو وڵاتە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەسڕن.
 
کریس لە سەرەتای ساڵی 2023 چووە یانەی نەسڕ، لە ماوەی تەنیا 13 مانگدا لەگەڵ ئەو یانەیە بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و ژمارەیەکی زۆری گۆڵی تۆمارکرد.
 
رۆناڵدۆ لەو کاتەوەی چووەتە یانەی نەسڕ لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەشداریی لە 50 یارییدا کردووە، 44 گۆڵی تۆمارکردووە و 13 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە.
 
لەم وەرزەدا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە 31 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە، 30 گۆڵی تۆمارکردووە و 11 ئاسیستی هەیە.
 
کاپتنەکەی پۆرتوگال لەگەڵ نەسڕ نازناوێکی بردووەتەوە، کە جامی شا سەلمانە، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوە لە یانەی هیلال بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، هەر خۆیشی بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە.
 
رۆناڵدۆ دەستکەوتێکی مێژوویی لە 2023 بەدەستهێنا، کاتێک لەگەڵ پۆرتوگال و نەسڕ 53 گۆڵی تۆمارکرد و بۆ جاری پێنجەم خەڵاتی باشترین گۆڵی ساڵی بەدەستهێنا.
 
ئەستێرەکەی مادێرا لەکاتێکدا دەچێتە نێو تەمەنی 39 ساڵی، کە نەسڕ رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی سعودیە دەکات و دوای ئەوەش دەیەوێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگی ئاسیای وەرزی داهاتوو بکات، کە هاندەرانی یانەکە چاوەڕێی کریس و هاوڕێکانی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە