ڤیدیۆ؛ ئەوەی لە دێربیی مەدریددا روویدا

05-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دێربیی مەدرید
دێربیی مەدرید
نیشانەکردن دێربیی مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دێربیی مەدرید لە نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەنجامدرا، جارێکی دیکە رۆخی بلانکۆس بەهێزی خۆی و بەرامبەر یانەی شاهانە دووپاتکردەوە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی لە دوو خاڵ بێبەشکرد.
 
یارییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، یاریزانەکانی ئەنچێلۆتی و سیمیۆنی بۆ بردنەوەیەکی دیکە هاتوون.
 
هەر زوو یانەی شاهانە هەوڵەکانی لە رێگەی براهیم دیازەوە بۆ گۆڵکردن دەستپێکرد، ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لە رێگەی مۆراتاوە وەڵامیان دایەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
 
لە خولەکی 19 براهیم دیاز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ریال مەدریدی خاوەن یاریگە تۆمارکرد و لەبەردەم هاندەراندا ئاهەنگی پێشکەوتنی گێڕا.
 
دوای ئەم گۆڵە ئاتلێتیکۆ چەندجارێک لە رێگەی یاریزانی جیاوازەوە هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا، ڤینیسیۆس و یاریزانەکانی دیکەش بە سەرسامییەوە دەڕواننە یارییەکە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
ریال مەدرید چەندینجار هێرشی بردە سەر گۆڵی میوانەکەی بۆ ئەوەی ئەنجامەکە زیاتر بکات، بەڵام جارێک یان ئۆبلاک و جارێکیش بێ ئاگایی لە تەواوکردنی هێرشەکان هۆکاربوون بۆ ئەوەی یانەی شاهانە گۆڵی دووەم نەکات.
 
لە خولەکی 93 و بەر لە تەواوبوونی یارییەکە بە خولەکێک مارکۆس یۆرێنتی بەلێدانی سەر ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و رێگەی نەدا خۆشیی ریال مەدرید بۆ بردنەوەی یارییەکە تەواو ببێت.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی خاڵێکی لە ریال مەدریدی رکابەری وەرگرت و بە یەکسانبوون لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ چووە دەرەوە.
 
دوای ئەم یەکسانبوونە، ریال مەدرید بە جیاوازیی 2 خاڵ لەگەڵ جیرۆنا لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 58 خاڵە، ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە خاوەنی 48 خاڵ و پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
 
ئەمە چوارەم یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بکرێت، تاکە یانە لەسەر ئاستی لالیگا بە ریال مەدرید نەدۆڕابێت ئاتلێتیکۆ مەدریدە، لە یاریی چووندا لە یاریگەی خۆی لە یانەی شاهانەی بردەوە و لە یاریی گەڕانەوەشدا بەرامبەر یانەکە یەکسانبوو.
 
پێشتر لە لالیگا و جامی شای ئیسپانیادا ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ریال مەدریدی بردووەتەوە و لەم یارییەشدا یەکسانبوو، لە جامی سوپەری ئیسپانیادا ریال مەدرید لە یانەکەی بردووەتەوە و بووەتە پاڵەوان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە