قۆناخی بژاردەی بالەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت
رووداو هەولێر
سبەی دووشەممە بە بەشداری هەشت یانە یارییەکانی قۆناخی گەڕانەوەی خولی بالەی بژاردەی یانە نایابەکانی عێراق لە شاری بەغدا دەستپێدەکەن.
وەرزی ئەمساڵ 8 یانە رکابەری لە خولی بالەی بژاردەی عێراق دەکەن، یارییەکانی قۆناخی یەکەم لە شاری هەولێر بەڕێوەچوون و قۆناخی دووەمیش لەنێو هۆڵی داخراوی شەعبی بەغدا هەفتەیەک دەخایەنێت، دوای تەواوبوونی یارییەکانیش 4 یانەی پێشەنگی ریزبەندی سەردەکەون بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین.
عەباس هیندی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی باشمان لە رووی کارگێڕیی و ناوبژیوانییەوە کردووە، لەبەرئەوەی ئەم قۆناخە ململانێیەکی سەختی یانەکانی تێدایە و هەمووان هەوڵی سەرکەوتن و خاڵ کۆکردنەوە دەدەن لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی چوارگۆشەی زێرین".
هەریەک لە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی نوێنەری کوردستانن لە خولی نایابی بالەی عێراق، هەردوو یانە چاوییان لە ئەنجامێکی گەورەیە.
عەلی تەها، کاپتنی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، بۆ رووداوی روونکردەوە "ئەمساڵ دەمانەوێت درێژە بدەین بە ئەنجامە باشەکانمان و ژمارەیەکی قورس بین لە خولەکەدا، ئێمە جیا لە یاریزانە باشەکانی خۆمان دوو یاریزانی رووسیمان هێناوە و پێکهاتەکەمان تۆکمەیە".
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولی بالەی بژاردەی عێراق ریزبەندیی یانەکانی بەمشێوەیە:
1-غازی جنوب 20 خاڵ
2-شورتە 18 خاڵ
3-پێشمەرگەی سلێمانی 12 خاڵ
4-جەیش 10 خاڵ
5-مەسافی شیمال 10 خاڵ
6-هەولێر ٩ خاڵ
7-حەبانییە 4 خاڵ
8-بەحری 1 خاڵ