ڤیدیۆ؛ نێچیرڤان بارزانی چی بە یونس مەحموود گوتووە؟

05-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق
یونس مەحموود، جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یونس مەحموود، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " شەرەفێکی گەورەبوو کە چاوم بە کاک نێچیرڤان بارزانی کەوت و بۆ ئەوە سوپرایز بوو کە پێمگوت من خەڵکی دوبزم."
 
یونس مەحموود لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداودا لەبارەی بردنەوەی جامی کەنداو و پێشوازیکردنیان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد.
 
رووداو: لە بەغدا لە میانی جامی کەنداودا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی دۆستانەتان هەبوو، لەو دیدارەدا باسی دوبزت بۆ کرد، وردەکاری زیاتر باسی چیتان کرد؟
 
یونس مەحموود: سەرەتا سوپاسی ئەم دیدارە دەکەم لەگەڵ تۆدا، بەڵێ من لە بەغدا چاوم بە کاک نێچیرڤان کەوت و دیدارمان هەبوو، سوپرایزبوو  بۆ ئەو کە من خەڵکی دوبزم کە ناوچەیەکی نزیکە لە هەولێر و بەلایەوە سەیربوو کە من دانیشتووی هەولێرم و خێزانەکەم لە هەولێر دەژین و شەرەفمەندبووم کە چاوم بە کاک نێچیرڤان کەوت.
 
رووداو: ئەی جارێکی دیکە کە لە هەولێر یەکدیتان بینییەوە باسی چیتانکرد؟
 
یونس مەحموود: بێگومان دیداری دووەممان، دیدارێکی فەرمی بوو بۆ ئەو کە میوانداریکردین لە هەرێم و لە پارێزگای هەولێر، ئەو سەرۆکی هەرێمە و ئێمە شەرەفمەندین بەوەی کە دیداری ئەومان هەبوو، چونکە ئەوە زۆر شت دەبەخشێت بە یاریزانان و ئەوە پشتگیریی بوو بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێ و هەمیشە پارێزگای هەولێر و هەرێمیش بە گشتی، هەمیشە رۆڵی گەورەی هەبووە لە پشتگیریکردنی تۆپی پێ لە عێراق و ئەمڕۆش هەلێکی خۆش بوو کە جارێکی دیکە چاومان بە کاک نێچیرڤان کەوتەوە و فەرمانیدا بە پشتگیریکردنمان لە هەر پێویستییەک کە هەمان بێت و داواکردن ئاسانکاری بۆ کارەکانمان بکرێت و بێگومان ئەوە شتێکی نامۆ نییە بە سەرکردە سیاسییەکانمان، چونکە هەمیشە هاوکاریمان دەکەن لەبەرئەوەی ئەوان وەرزشیان خۆشدەوێت و هیوادارین کە وەبەرهێنان لە وەرزشدا هەبێت چونکە وەرزش هەمیشە سیاسییەکان یەکدەخات.
 
رووداو: هەندێک گلەیی دەکەن و دەڵێن یونس مەحموود لەم جامی کەنداوەدا لە یاریزانەکان زیاتر دەردەکەوێت و لەبەردەم کامێرادایە؟
 
یونس مەحموود:  بەڵێ، پێموایە من نازانم لەوانەیە یاریزانەکان خۆشیان بوێم و جەماوەرێکی زۆرم هەیە کە خۆشیاندەوێم، من هەمیشە حەزدەکەم هاوکاریی یاریزانەکان بکەم، بەجۆشوخرۆشم بم لەگەڵیاندا و بەردەوام لەگەڵیاندا بم و هانی یاریزانەکان بدەم، چونکە هەندێکجار یاریزانەکان دەگەنە  قۆناخی بێئومێدی یان قۆناخێک کە ورەیان دادەبەزێت و من ئەوکاتانە دەمەوێت بەردەوام لەگەڵیاندا بم و پشتگیرییان بکەم و پشتبەخوا من هەمیشە پشتگیریکاری ئەو یاریزانانە دەبم، تاوەکو هاوکارییان بکەم.
 
رووداو: تۆ یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بوویت و جامی ئاسیاتان بردەوە و گۆڵت کرد لە یاری کۆتاییدا، ئێستاش جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراقیت و جامی کەنداوتان بردەوە، کام لەو دوو دەستکەوتە بۆ تۆ خۆشتر و خۆشەویستتر بوون؟
 
یونس مەحموود: بێگومان بارودۆخەکە جیاوازبوو، ساڵی 2007 دۆخەکە زۆر قورس و ئاڵۆز بوو لە عێراقدا و کێشە هەبوو لە عێراقدا، هەر ئەوکات دەستکەوتی بەدەستهێنانی جامی ئاسیا هەبوو، کە هەموو گەلی یەکخست و زۆر سەهۆڵبەندی نێوان عێراقییەکانمان توواندەوە و ئەوەش بۆ من جێگەی شانازییە. ئێستا ئێمە کۆمەڵێک یاریزانی باشمان هەیە کە لەوانەیە پاش نزیکەی ساڵێک بچنە جامی ئاسیا لە قەتەر و دەکرێ لەوێ دەستکەوتەکەمان دووبارە بکەنەوە و تەنانەت دەکرێ دوای ئەوە لەبەرئەوەی پاڵاوتنی جامی جیهانی هەیە و ئەوە خەونی عێراقییەکانە و خەونی عێراقییەکان ئەوەیە کە بگەنەوە جامی جیهانی و ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەو بارەیەشەوە کردووە لە چوارچێوەی پلانی خۆمان و هیوادارم بۆ ئەوکاتیش لەگەڵیاندابم و بتوانم هاوکارییان بکەم لەوە ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە