گەڕانەوەی ئانسۆ فاتی بۆ یاریکردن دوادەکەوێت

ئەنسۆ فاتی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی تاوەکو دوو مانگی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ مەشوڕاهێنانەکانی یانەکەی، چونکە لە چەند هەفتەی پێشوودا پێکانی ئەژنۆی چەپی بەشێوەیەکی دروست وەڵامی چارەسەرەکەی نەداوەتەوە، بۆیە پێویستی بەوەیە بۆ جارێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت، بەمەش ئەم وەرزە بۆ فاتی کۆتاییدێت.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن: "فاتی تووشی شڵەژانی دەروونی بووە و بەدوای چارەسەری خێرادا دەگەڕێت، چونکە نایەوێ نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت، بۆیە هەوڵ دەدات پەنا بباتە بەر چارەسەری سرووشتی، چونکە یاریزانەکە پێی وایە پێویستی بە نەشتەرگەری نییە".

رۆژنامەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکرد: "دکتۆر رۆمان کۆجات و ستافی پزیشکی نەشتەرگەری، بە دووری نازانن کە فاتی پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی دیکە هەبێت، بەمەش ئەم وەرزەی فاتی بۆ یاریکردن لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتاییدێت، هۆکاری ئەگەری نەشتەرگەرییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەژنۆی فاتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و وەکو پێویست وەڵامی چارەسەرە ناداتەوە". 

دوو هەفتە لەمەوبەر فاتی سەردانی پزیشکەکەی کرد و چووە ژووری نەشتەرگەری، چونکە پێکانەکەی لە ئەژنۆیدا وەکو پێویست وەڵامی چارەسەرەکان ناداتەوە و ئەو ماوەیەی بۆ گەڕانەوەی فاتی دەستنیشانکرابوو، زیاتر لە وادەی دیاریکراو دوادەکەوێت.

ئەنسۆ فاتی لە گەڕی نۆیەمی خولی ئیسپانی و لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و ریال بیتیس لە خولەکی 46 لەسەر ئاستی ئەژنۆی تووشی پێکان بوو.  واتە لە رێککەوتی 7-11-2020 بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دابڕاوە.