ڤیدیۆ؛ یانەیەکی کوردستان بەهۆی رەگەزپەرستی و ناحەقییەوە لە خولی تورکیا کشایەوە

رووداو - هەولێر

یانەی جزیرە سپۆری باکووری کوردستان، بەهۆی دژایەتی و ئەو رەگەزپەرستییەی لە دژی یانەکە بەکاردەهێنرێت خۆی لە خولی پلە سێی تورکیا کشاندەوە، سەرۆکی یانەکەش بەو هۆیەوە دەستیلەکارکێشایەوە.

لە یاری یانەکەدا بەرامبەر یانەی ئاگری لە گەڕی 20ـی خولی پلە سێی تورکیادا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی جزیرە هەژمارنەکرد، دوای ئەوەش شەڕ و ئاژاوە روویدا و ئاگری یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە.

شەنۆل نەواف، سەرپەرشتیاری یانەی جزیرە سپۆر بە رووداوی گوت، رەگەزپەرستییەکی زۆر بەرامبەر ئێمە بەکارهێنراوە و لە ماوەی رابردوودا ناوبژیوانان زۆر زوڵمیان لێکردووین و چەندینجار لێدانی سزایان بۆ هەژمارنەکردووین، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی بڕیاری کشانەوە لە خولەکە بدەین.



سەرپەرشتیاری یانەکە زیاتر گوتی، لەو یارییانەی کە لەنێو یاریگەی ئێمە دەکرێن، هەمیشە رێزی میوانەکانمان گرتووە، بەڵام لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان تووشی کێشەی زۆرمان دەکەن و چەندینجاریش شەڕ و ئاژاوە روویداوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاش هیچ هەوڵێکی جددیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە.

مەعروف سەفینچ، سەرۆکی یانەی جزیرە سپۆر لەبارەی کێشەکانی یانەکەی دەڵێت، ئێره‌ یانه‌ی وه‌رزشی جزیرێیه‌، ئه‌و یانه‌یه‌ی كه‌ رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر هانده‌ری هه‌یه‌ و هه‌موو وه‌رزشوانه‌كانیش خولیای یانه‌كه‌یانن، به‌ڵام مافی ئه‌م یانه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌خورێت.

سەرۆکی یانەکە زیاتر گوتی، ده‌مانه‌وێت رای گشتیی له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ نه‌هامه‌تییه‌كانمان بزانن، دوو هه‌فته‌ لەمەوبەر له‌ یاریی ئه‌سه‌ن ئارۆكا دووباره‌ هه‌ڵه‌ی ناوبژیوان روویدا و لێدانێکی سزای سه‌تا سه‌ت بۆ ئێمە هه‌ژمار نه‌كرا، هه‌فته‌ی دواتر یاریمان له‌گه‌ڵ یانه‌ی كۆجائێلی كرد سه‌رباری ئه‌وه‌ی دوو تۆپ له‌ یاریگا هه‌بوو به‌ڵام ناوبژیوان درێژه‌ی به‌یارییه‌كه‌دا و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی گۆڵمان لێبكرێت، گۆڵی سێیه‌میش كه‌ تۆپ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێڵی یاریگا بوو، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌ژمار كرا.



سەفینچ دەڵێت، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش له‌ یاریمان به‌رامبه‌ر ئاگری ناوبژیوان دیسان لێدانی سزای بۆ هه‌ژمار نه‌كردین، نابێت هێنده‌ به‌شخوراو بین هه‌ر كاتێك یانه‌یه‌كی "باكوور" پێش بكه‌وێت ده‌سته‌ی ناوبژیوانان به‌فێڵ دووری ده‌خه‌نه‌وه.

بەهۆی ئەو کێشە زۆرانەی بۆ یانەکە دروستدەکرێن، مەعروف سەفینچ، سەرۆکی یانەی جزیرە سپۆر، بەچاوی پڕ فرمێسکەوە بە یاریزانەکانی یانەکەی گوت، زۆر داوای لێبوردنتان لێدەکەم زۆر بەداخەوە کە گەیشتینە ئەم رۆژە، بە هەموو توانایەکەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانتان و دانی ئەو قەرزانەی لەسەر یانەکەن دەدەم، ئێستا کاتی ماڵئاواییکردنە و دەمەوێت واز لە کارەکەم بهێنم.

یانەی جزیرە سپۆر لە کۆمەڵەی دووەمی خولی پلە سێی تورکیا یارییدەکات، یانەکە 27 خاڵی هەیە و لە پلەی دەیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.