پێپین لیندرەز یاریدەدەرە ناوازەکەی یۆرگن کڵۆپ

 

رووداو -شرۆڤەی ئەحمەد سەنگاوی

پێپین لیندرەز ئەو گەنجە هۆڵەندییەی کە یۆرگن کڵۆپ بە رادەیەک پێی سەرسامە، ناتوانێ بیرۆکە و کارەکانی بەنادیدە بگرێت، هەر بۆیە بۆ ئامادەکاریی زۆر یاریی گرنگ و چارەنووسساز وەردەکاریی تەکتیکی بۆ لیندرەز جێدەهێڵێت. لیندرەز لە تەمەنی 17 ساڵی بەهۆی پێکانێکی قورس لە ئەژنۆیدا بەیەکجاریی وازی لە یاریی تۆپی پێ هێنا و راستەوخۆ پیشەی راهێنەری هەڵبژارد. یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی کارکردنی لە 2007 بوو کە بووە سەرپەرشتیاری ئەکادیمیای پۆرتۆ بۆ تەمەنەکانی 8 ساڵ تاوەکو 18 ساڵ، دیارترین ئەو یاریزانانەی لەژێر سەرپەرشتی پێپ لیندرەز لە ئەکادیمیای پۆرتۆ بوون و ئێستا لە ریزی یانە گەورەکان یاریی دەکەن بریتین لە "دیێگۆ دالۆت، ئەندرییە سێلڤا، رۆبن نیڤێس، ئەندرییە گۆمێس و جواو فلیکس".  2014

 دەبێتە سەرپەرشتیاری نەوجەوانانی لیڤەر بۆ تەمەنی 15 و 16 ساڵی، یەکێک یاریزانە دیارەکانی ئێستا کە لەژێر سەرپەرشتی ئەم یاریدەدەرە پێگەیشت، ئەلێکساندەر ئاڕنۆڵدی بەرگریکاری ئێستای یانەی لیڤەرپوولە، بەڵام دواتر بریندان رۆدجێرز داوای کرد ئەم کەسێتییە ببێتە بەشێک لە ستافەکەی لە تیپی یەکەمی لیڤەرپوول. دوای دوورخستنەوەی رۆدجێرز و هاتنی کلۆپ، لیندرەز لە ستافی راهێنەری یانەکە مایەوە و لەگەڵ لیڤەر بەردەوامبوو، بەڵام سەرەتای 2018 بڕیاریدا ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە ئەویش پیشەی راهێنەری بوو لە خولی هۆڵەندی و بووە راهێنەری یانەی نیمیگن بەو ئامانجەی یانەکە لە خولی پلە دوو بۆ پلە یەک سەربخات، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت، بەرگەی دووریی لیڤەرپوولی نەگرت و دیسانەوە وەک یاریدەدەری کڵۆپ لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە بەردەوام بوو. 

تەکتیک و کارتی راهێنانی پێپین لیندرەز

پێپین لە کاتی مەشق و راهێنانەکانی یانەکە پلان و تەکتیک دادەڕێژێتەوە، بۆ نموونە یەکێک لە پلانەکانی هاندانی یاریزانەکانە کە کاتێک گوشاریان لەسەر دروست دەبێت، هیچ یاریزانێک بۆی نییە لە نیوەیاریگەی تیپی دژبەر بمێنێتەوە، بۆ گەیاندنی ئاستی تێگەیشتنی تیمەکە چەندین جار مەشقی دووگۆڵی بە یاریزانەکانی دەکات و دەڵێت "لەکاتی دروستبوونی هەر هێرشێکی پێچەوانە، ئەگەر بێت و لەسەرەتای هێرشەکە هەر یاریزانێکی یانەکەمان لە نیوە یاریگەی تیپی دژبەر بێت، ئەوە ئەو گۆڵەی تۆماری دەکەن هەژمار ناکرێت"، ئەمەش بۆ ئەوەیە یاریزانەکانی رابهێنێت، کاتێک گوشار لەسەر لیڤەرپوول دروست بێت، پێویستە سەرجەم یاریزانەکان بگەڕێنەوە بۆ یارمەتیدانی تیپەکە.

یەکێکی دیکە لە مەشقەکانی گوشار دروستکردنە بە 3 تیم لە دژی 1 تیم، واتە 15 یاریزان بۆ وەرگرتنەوەی تۆپ گوشار لەسەر 5 یاریزان دروست دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە یاریزانی یانەکە لەگەڵ گوشاری بەرز و بەکۆمەڵ رابێن و بەتەواوی بەربەستی ترس و دڵەڕاوکێ و شپرزەیی تێپەڕێنن، چونکە لە تۆپی پێدا سیناریۆی لەو چەشنە قابیلی روودان نییە، بەڵام ئامانجەکە ئەوەیە هێزی تەرکیز و متمانەبەخۆبوونی یاریزان بباتە ئاستێکی بەرز و سەرو پێویستی، هەر بۆیە لە قورسترین یاریدا هیچ یاریزانێکی لیڤەرپوول لەژێر گوشاری بەرزدا بەئاسانیی تۆپ لەدەست نادات و ناپەشۆکێت، بەپێچەوانەوە ئەوە یاریزانی تیپی دژبەرە زەندەقی لە گوشاری بەرز و خنکێنەری ئەستێرەکانی لیڤەر چووە.
 یەکێکی دیکە لە پلانەکانی دروستکردنی یاریگایەکی تێنسی سەر زەوییە "یاریگەی تارتان" یاریگەیەکی بچووکراوەی دروست کردووە کە چواردەوری هێڵی یاریگاکەی بە شووشە دەورەدراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی یاریزان هەم سترێسی مەشق و راهێنانی پڕووکێنەری کەم ببێتەوە، هەم فێری ئەوە بێت تەرکیزی سەت دەر سەت بێت لە یاریگە، بۆ نموونە 2 یاریزان بەرامبەر 2 یاریزان بە سەر و بە پێ بە تۆپ یاریی تێنس دەکەن ئەگەر بێت و هەر لایەک تۆپەکە بە شووشەی چواردەوری یاریگاکە بکێشێت، بە فاوڵ لەسەری هەژمار دەکرێت، ئامانجی پێپین لیندرەز ئەوەیە یاریزان لە رووبەرێکی بەرتەسکدا بزانێ تۆپ ئاراستەی چ بۆشاییەک دەکات بە خێرایی خۆی بۆ ئەوە ئامادە بکات کە تۆپەکە دەگەڕێتەوە، چۆن کاردانەوەی هەبێت، واتە یاریی تێنس چەند هێندەی تۆپی پێ پێویستی بە تەرکیزی زۆر هەیە، هاوکات یاریزان فێری ئەوەبێت چەندە بە پێیەکانی بە تۆپ یاریی دەکات، هێندەش گرنگی بە سەر و سینگی بدات بۆ وەرگرتنی تۆ و ئاڕاستەکردنی تۆپ، هەروەها بزانن چۆن و بە چشێوەیەک بە تۆپی بەرز یاریی بکەن، هەمان مەشق بە یاریزانەکان بە هەمان شێواز دەکات لە یاریگایەکی بچووکی بالە.

بەشێکی بەرچاوی ئامانجەکەی لیندرەز ئەوەیە، رادەی تەرکیزی یاریزانەکان بەرز بکاتەوە هاوکات دەیەوێ بەم شێوەیە یاریزان فێری ئەوە بکات کە لە کاتی تۆپە وەستاوەکان چۆن سوود لەم چەکە تەکتیکییە وەربگرێت. مەبەست لە تۆپی وەستاو کۆڕنەر و فاوڵە. ئەوە بۆیە لیڤەرپوول وەرزی رابردوو 29 گۆڵی بەسوودوەرگرتن لە تۆپی وەستاو تۆمار کرد، ئەمساڵیش نزیکەی 20 گۆڵیان بە سوودوەرگرتن لە تۆپی وەستاو تۆمار کردووە. لیندرەز لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەمووکات ناتوانیت بە تۆپی جوڵاو، بە پلانی هێرشبردن یاریی یەکلایی بکەیتەوە، هەر بۆیە دەبێ هەرچی کارتی جۆراوجۆری گۆڵکردن لە تۆپی پێدا هەیە، سوودی لێوەربگیرێت و بەکاری بهێنیت. 

لیندرەز و چۆنییەتی ئامادەکردنی تیپ بۆ یاریی یەکلاکەرەوە 

دوو نموونەی زیندووی چۆنییەتی ئامادەکاری بۆ یاریی چارەنووسساز باس دەکەم کە لیندرەز چ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامی لیڤەرپوول هەبووە. دوای شکستی لیڤەرپوول لە قۆناخی پێش کۆتایی چاومپیۆنزلیگ بەرامبەر بارسێلۆنا، یانەکە لەبەردەم دۆخێکی سەختدابوو، هیچی نەمابوو لەدەستی بدات، پێویستی بەوەبوو بە ئەنجامی 4-0 بەسەر بارسا زاڵبێت. پێپین لیندرەز بە وردبوونەوە لە ستایڵی لیڤەرپوول درکی بە خاڵی لاوازی بارسا کرد، کە بریتیبوو لە خاوی و سنوورداری توانای جەستەیی و کەمی خۆماندووکردن و دەرەنگ خۆڕێکخستنەوە لەکاتی تۆپی وەستاو، بۆیە پێشنیاری بۆ کڵۆپ کرد کە دەبێت چەکی خێرایی لە دژی بارسا لە هەموو ئاستەکاندا بەکاربهێنین. لە یەکەم هەنگاودا نامەیەکی ئاڕاستەی راهێنەری فێرگە و ئەکادیمیاکانی تۆپی پێی لیڤەرپوول کرد و داوای لێکردن لەو یارییەدا منداڵە گەرج و چالاکەنمان پێویستە بۆ ئەوەی بە خێرایی لە قەراخی یاریگە تۆپ بۆ یاریزانەکان لە کاتی کۆڕنەر و ئاوت بهێننەوە، هەر بەهۆی ئەم کارەوە یەکێک لە منداڵەکان بەخێرایی تۆپەکە بە ئاڕنۆڵد دەدات و ئاڕنۆڵدیش بەخێرایی تۆپەکە ئاڕاستەی ئۆریگی دەکات و گۆڵی چوارەم و سەرکەوتن بۆ فایناڵ تۆمار دەکات ئەمەش بەهۆی غەفڵەتی یاریزانەکانی لیڤەرپوول و نەبوونی تەرکیز بوو لەسەر خێرا گواستنەوەی تۆپەکەی ئاڕنۆڵد بۆ ئۆریگی.  پاشان مەشقی بە یاریزانەکان کرد کە لەو یارییەدا کۆشش بکەن و خۆیان زۆر ماندوو بکەن، ئەوە بۆیە یاریزانەکانی لیڤەرپوول لەو یارییەدا  112 کیلۆمەتر رایان کرد، لە بەرامبەردا بارسا 105 کیلۆمەتر رایان کرد. 



بەر لە یاریی فایناڵی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی تۆتێنهام، یانەکە 21 رۆژی لەبەردەمدابوو، پێپین لیندرەز پێشنیاری کرد هەفتەیەک لە شاری ماریبیای ئیسپانی و دوور لە چاوی میدیاکان و هاندەران مەشق و ئامادەکاری بکەن، بۆ ئەوەی ورد و درشتی شێوە تەکتیکی تۆتێنهام شیبکەنەوە، بۆیە ئەو شارەیان هەڵبژارد، چونکە نزیکترین شار لە کەشوهەوا و پلەی گەرمی و رادەی شێی لە مەدریدەوە نزیک، شاری ماریبیایە، بەڵام هەمیشە ئەم شارە بە چەند پلەیەکی کەم گەرمترە لەمەدرید، ئەمەش بۆ ئەوەبوو یاریزانەکان زیاتر و باشتر لەگەڵ گەرمیی کەشوهەوا رابێن چونکە فایناڵ لە 1-6-2019 بەڕێوەچوو، بۆیە کاری لەسەر حەوسەڵەی یاریزانەکان دەکرد، بۆیە شارێکی فێنکتری لە مەدرید هەڵنەبژارد و شارێکی گەرمتری بۆ مەشقوڕاهێنان هەڵبژارد. پێشتر بە وردی پێپین لیندرەز پلانی دانابوو دوای ماوەیەکی زۆر یاریزانەکان پێویستییان بە ئەنجامدانی یارییەک هەبوو، بۆیە باشترین بژاردە بۆ ئەو یارییە دۆستایە، رازیکردنی یانەی بێنفیکای "بی"بوو، چونکە تا ئەندازەیەک شێوازی یاریی بێنفیکا لە تۆتێنهامەوە نزیک بوو. بەوپێیەی راهێنەری بێنفیکای "بی" هاوکاری پێشووی لیندرەز بووە لە ئەکادیمیای پۆرتۆ، لیندرەز داوای لێدەکات یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدەن، بەڵام یاریزانەکانی بێنفیکا بە هەمان شێوازی تۆتێنهام یاریی بکەن و سێ یاریزانەکەی پێشەوە رۆڵ و جوڵەیان لە یاریگە بەچەشنی دێلی ئالی، کریستیان ئێرکس و هاری کەین بێت، تاوەکو بە دروسترین شێوە خاڵی لاوازی تۆتێنهام بگرن، هەروەها داواشی لە یاریزانەکانی بێنفیکا کردبوو پلانەکەیان لێ تێکنەدەن و بەوپەڕی جدییەوە مامەڵە لەگەڵ کەشی یارییەکەدا نەکەن، تاوەکو ئەو چەندڕۆژەی مەشقیان لەسەر چەند تەکتیکێک کردووە بە دروستیی جێبەجێی بکەن، هەر بۆیە لە یارییەکەدا بەرادەیەکی بەرچاو پلانێکی سەرکەوتوو جێبەجێ دەکەن، بەجۆرێک چەند هێرشێکی تەکتیکی بە چ شێوەیەک بەرامبەر بێنفیکا جێبەجێیان کرد، بە هەمان ئەندازە بەرامبەر تۆتێنهام تاقییان کردەوە، بەتایبەت ئەو هێرشەی مانێ لەسەر گۆڵی تۆتێنهام دروستی کرد و دەرئەنجام هەوڵەکەی پەناڵتییەکی لێ هاتە بەرهەم. ئەم یاری و پلان و ئامادەکارییە هەمووی بەنهێنی بەڕێوەچوو، هیچ یاریزانێکی بێنفیکا و راهێنەرەکەیان هیچیان لەسەر ئەو یارییە نەدرکاند، پاشان نەیانهێشت نەک میدیا و میدیاکار، تەنانەت تەنیا کەسێکی ئاساییش یارییەکە ببینێت. بەکورتی پێپین لیندرەز ئەو کەسە کاریگەرەیە کە کڵۆپ دەزانێ بۆچی هێندە پرس و راوێژی پێدەکات و گوێ بۆ سەرنج و پێشنیار و بیرۆکەکانی دەگرێت، بە جۆرێک کڵۆپ دەڵێ ناتوانم بەبێ لیندرەز لە لیڤەرپوول رۆژ بکەمەوە، هەروەها هێندە بە زیرەکی ئەم گەنجە هۆڵەندییە سەرسامە، کڵۆپ دەڵێ "دەتوانم یەک کتێب لەسەر پێپین لیندرەز بنووسم". ستافەکەی کڵۆپ بریتییە لە 23 کەس، هەر یەکێک لەمانە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی لەئەستۆیە، هەر بۆیە لیڤەرپووڵ لە هەموو ئاستەکاندا لە لووتکەدایە لەسەر ئاستی جیهان، هەموو ئەمانەش بۆ دانایی و لێهاتوویی کڵۆپ دەگەڕێتەوە وەک کەسێکی هۆشمەند و کاریزما.