سەردار ئازموون ئابڕووی هەڵبژاردەکەی دەبات

رووداو-هەولێر

سەردار ئازموون، ئەستێرەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، لێدوانی کارلۆس کیرۆش لەبارەی نەبوونی پارە پشتراست دەکاتەوە و دەڵێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەرچی لەو بارەوە گوتبێتی، درۆیە، هەموو خەرجییەکانی ئێران لە جامی ئاسیادا لەسەر قەتەر بوون.

ئازموون دەڵێت، نازانم فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بە چ ئیمکاناتێک، یان بە چ روویەک داوای زێدان و مۆرینیۆ دەکات بۆ راهێنەریی هەڵبژاردەکەمان؟ ئێمە مەیدانی راهێنانمان نەبوو،شوێنی راهێنانەکانمان لە ئێران ئەوەندە خراپ بوو، کاتی راهێنانەکان هەمیشە دەترسام تووشی پێکان ببم.

هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی ئێران بۆ رادیۆی تاران قسەی کردووە و لێدوانەکەی کارسۆ کیرۆش پشتراست دەکاتەوە و دەڵێت: لەبارەی لێدوانی کیرۆش کە ئێران بۆ جامی ئاسیا پارەی نەبوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران هەرچی گوتبێتی درۆیە، چونکە ئێمە هیچ پارە وئیمکانیاتێکمان نەبوو، هەتا شوێنی راهێنانمان نەبوو. هەموو خەرجەیاکانمان لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی قەتەر بوو، نەک فیدراسیۆنی ئێران.

لەبارەی رێوڕەسمی ماڵئاوایی کارلۆس کیرۆش ئازموون گوتی: هیچ بەرپرسێکی ئێران رێزی لە کیرۆش نەگرت، لەکاتێک دا کیرۆش کاری گەورەی بۆ هەڵبژاردەی ئێران کردووە.

سەردار ئازموون دەڵێت، من نازانم بۆچی ئێمە هیچ رێزێکمان نییە؟ کاتێک پێمان دەڵێن خیرەتتان نییە، چۆن یاری بکەین. دڵنیام ئەگەر ئیمکانیاتمان هەبوایە و پاداشتێکیان پێداباین، نەک هەر پاڵەوانی ئاسیا، بەڵکۆ لە جامی جیهانیشدا سەردەکەوتین بۆ قۆناخی ١٦.