ڤیدیۆ؛ وێستهام گڕی بەردایە پرێمەرلیگ


رووداو - هەولێر

یانەی وێستهام گڕی بەردایە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگ و هاوکاریی یانەی مانچێستەر سیتی کرد بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ لیڤەرپوول، دوای ئەوەی خاڵێکی لە لیڤەرپوول وەرگرت.

لە دوایین یاریی گەڕی 25ـی خولەکەدا، وێستهام لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی لیڤەرپوولی کرد و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتاییهات.

لە خولەکی 22 سادیۆ مانێ، گۆڵێکی بۆ لیڤەرپوول تۆمارکرد، بەڵام دوای تەنیا شەش خولەک میشێل ئەنتۆنیۆ ئەنجامەکەی بۆ وێستهام یەکسانکردەوە و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات.

 

دوای ئەم یارییە، لیڤەرپوول بە 62 خاڵ لە پلەی یەکەمە و جیاوازییەکەی لەگەڵ مان سیتی بووە تەنیا 3 خاڵ، وێستهامیش لە پلەی دوازدەیەم خاوەنی 32 خاڵە.

دوای یارییەکە مانوێل پێلیگرینی، راهێنەری یانەی وێستهام لەلێدوانێکدا بە بی بی سی راگەیاند، ئەوان هەلی بردنەوەی یارییەکەیان هەبوو، بەڵام لیڤەرپوول گۆڵێکی تۆمارکرد، کە ئۆفسایدێکی تەواو و ئاشکرابوو.

راهێنەری وێستهام گوتیشی، یارییکردن بەرامبەر یانەیەک کە بەهێزترین هێلی بەرگریی هەیە بەو ئاستە جێگە دڵخۆشییە، بەڵام لە ئەنجامەکە نارازیم و پێویستیمان بە بەرەوپێشچوونی زیاتر هەیە.