رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، کەوتنە وەستانەوە دژ بەخوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکەیان و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوەی ئەو سەرۆک یانەیە دەکەن.
بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتا و هاندەرەکانی، بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕن، بەهۆی کێشەی تۆمارنەکردنی ناوی هەریەکە لە دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لیستی یانەکە بۆ بەشی دووەمی وەرزی ئەمساڵ.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی لالیگا، لە بڵاوکراوەیەکی هاوبەشدا رێگەدان بەتۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانەیان لە پێکهاتەی یانەکە تاوەکو کۆتایی وەرز، راگەیاند.
ئەوە چوارەم هەوڵی یانەی بارسێلۆنا بوو بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانە لە لیستی تیپەکەیدا و شکستی هێنا.
بارسێلۆنا لە دوایین هەوڵیدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، پەنا دەباتە بەر ئەنجوومەنی باڵای وەرزش، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەربوونی کێشەکە بەو شێوەیە نییە کە بارسا هیوای بۆ دەخوازێت.
دانی ئۆلمۆ کە هاوینی رابردوو لە لایپزیگەوە پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد، لە نیوەی یەکەمی وەرزی ئەمساڵدا بەدرێسی یانەکەوە یارییکرد، ئەوەش بەهۆی پێکرانی ئاندریاس کریستێنسنی یاریزانی یانەکە.
لە بەرامبەر هەموو ئەو رووداوانەی پەیوەست بەدۆسێی ئەو دوو یاریزانە روویاندا، دەستەکانی هاندەرانی سەر بەیانەی بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکی توونددا، چەندین مەرجیان داناوە بۆ بەردەوامبوون لە پشتگیریی یانەکە و لەسەرووی هەموویانەوە، دەستبەجێ، دەستلەکارکێشانەوەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "دەمانەوێت یانەکە بەشێوازێکی رێکخراو و کاریگەر کاربکات و بەڕێوەبردنێکی کارای هەبێت و پێشەنگ بێت لە بوارە جیاوازەکانی دەستپێشخەرییە پۆزەتیڤەکان، هەروەها پێش ئایندە بکەوێت، چونکە ئەگەر بەو شیوەیە بووایە، ئێستا بارسێلۆنایەکی جیاوازتر هەبوو، بەڵام نکوڵیکردنی راستییەکان و بیرکردنەوە لەوەی کە گۆڕانکارییەکان دەکرێ خۆبەخۆ رووبدەن، بەشێک نییە لە هەڵسوکەوتێکی پێگەیشتوو، خۆ ئەگەر رێگە بدەین دۆخەکە خراپتر ببێت، ئەوکات هەموو ئەوە لەدەستدەدەین کە خۆشمان دەوێت".
بڵاوکراوەکە هەروەها دەڵێ، "داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئێستای یانەکە دەکەین بەرجەستەکەری رۆحیەتی راستەقینەی بارسێلۆنا بن و رێزی دروشمی یانەکە بگرن کە لە دوایین هەڵبژاردندا بەکاریانهێنا و دەڵێ، (بارسێلۆنام خۆشدەوێ)".
بڵاوکراوەکە دەڵێ، "هەر بۆیە داوایان لێدەکەین دەستبەجێ دەستلەکارەکانیان بکێشنەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ قۆناخێکی نوێ و بەڕێوەبردنێکی نوێ خۆش بکەن، هەروەها رێگە بەو کەسانە بدەن کە وزەی نوێیان هەیە و دەیانەوێت گۆڕانکاری لە یانەکەدا دروست بکەن، کە بێگومان زۆر روونە کە یانەکە پێویستی بەو کارە هەیە".
بڵاوکراوەکە زیاتر دەڵێ، "ئەگەر ویستی دەستلەکارکێشانەوەیان نییە، پێویستە لەسەریان، لانیکەم رێز لە رای ئەندامانی یانەکە بگرن و ئەوە بزانن کە ئەوەی داواکاریی ئەوانە، متمانەیە و لە رێگەی میکانیزمە یاساییەکانەوە بەر لە چوار مانگ ئەو داوایەیان لێکراوە".
بڵاوکراوەکە لە کۆتاییدا هەڕەشەی تووندتر دەکات و دەڵێ، "ئەگەر ئەندامانی کارگێڕیی یانەکە وەڵامیان بۆ ئەم داواکارییانە نەبێت، ئەوکات ئێمەش بەدووری ناگرین پەنا ببەینە بەر دەنگدان بۆ لێسەندنەوەی متمانە کە ئەوە، تاکە هۆکاری دەستی عاشقانی یانەکەیە پەنای بۆ ببەن. هەرلەبەرئەوە داوایان لێدەکەین خۆشەویستییان بۆ بارسێلۆنا بخەنە پێش هەموو شتێک".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ