لە نێوان ریال مەدرید و پارە، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد کامیان هەڵدەبژێرێت؟

دوێنێ کاژێر 11:44
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید یانەی لیڤەرپوول ئەلیکساندەر ئارنۆڵد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لە چوونی ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بۆ یانەی ریال مەدرید چڕکردووەتەوە و بڕە پارەیەکی یەکجار زۆری خستووەتە بەردەستی ئەو یاریزانە، لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵە، هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و لەئێستاوە دەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک بکات لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵی.
 
پێشتر ریال مەدرید ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە ئاشکراکردووە و بەپێی سەرچاوەکان، دەستەوارەی فەرمییشی پێشکێشکردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، بەڵام بەرپرسانی لیڤەرپوول، دەستەوارەکەیان رەتکردووەتەوە.
 
ئارنۆڵد یەکێکە لە سێ یاریزانی دیاری لیڤەرپوول کە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکە کۆتایی دێت، ئەوانیش هەریەکە لە محەممەد سەڵاح، ڤێرجل ڤان دایک و ئەلیکساندەر ئارنۆڵدن.
 
رۆژنامەی 'میرەر'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول دەستەوارەیەکی گەورەی بەبڕی 78 ملیۆن پاوەند بۆ ماوەی پێنج ساڵ داوەتە ئەو یاریزانە، لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
ئەوە یەکەمجارە کارگێڕیی رێدز، هەوڵ بۆ هێشتنەوەی ئارنۆڵد دەدات، پێشتر هەریەکە لە سەڵاح و ڤان دایک ویستی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە یانەکەیان ئاشکراکردبوو، بەڵام یانەکە دانوستاندنی لەگەڵدا دەستپێنەکردوون.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، لیڤەرپوول بۆی ئاشکرابووە کە ریال مەدرید لە دانوستاندنی ژێراوژێردا لەگەڵ نوێنەرانی ئارنۆڵد، مووچەی 300 هەزار پاوەندی هەفتانەیان خستووەتەر بەردەستی ئەو یاریزانە، لەگەڵ پاداشتێکی گەورەی گرێبەستکردن لەگەڵ یانەکە بێبەرامبەر، بەو مەرجەی هاوینی داهاتوو پەیوەندی بەیانە ئیسپانییەکەوە بکات.
 
مووچەی ئێستای ئارنۆڵد لەگەڵ لیڤەرپوول 180 هەزار پاوەندی هەفتانەیە.
 
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، کارگێڕیی لیڤەرپوول پێیوایە ناتوانێت لەوە زیاتر پارە بداتە ئەو یاریزانە، لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
بەپێی ئەوەی ئاشکراکراوە، ئارنۆڵد رەتیدەکاتەوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا لیڤەرپوول بەجێبهێڵێت، چونکە نایەوێت لە ناوەڕاستی وەرزدا، یانەکە دووچاری کێشە بکات.
 
رۆژنامەی 'میرەر' ئاشكرایکردووە، کارگێڕیی لیڤەرپوول متمانەی زیاتری بە سەڵاح و ڤان دایک هەیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، لە کاتێکدا هەمان متمانەی بە ئارنۆڵد نییە.
 
لیڤەرپوول ئێستا پێشەنگی پرێمەرلیگە و 45 خاڵی هەیە و بەجیاوازیی پێنج خاڵ، لە پێش ئارسیناڵی دووەمی ریزبەندییەکەیە و دوو یاریی کەمتر ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە