رووداو هەولێر
پێنەدانی مۆڵەتی سەری ساڵ، هۆکاری نیگەرانبوونی هیران ئەحمەدی یاریزانی کوردە لە راهێنەری یانەی جەوییە و بەرپرسانی ئەو یانەیە دەڵێن، ئەو یاریزانە بەبێ مۆڵەت گەشتی دەرەوەی عێراقی کردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، هیران ئەحمەد، ئەستێرەی کوردی یانەی جەوییەی عێراقی، گەڕایەوە ئەورووپا و سەرچاوەکان باسیان لە سەرهەڵدانی ناکۆکی و نیگەرانی لەنێوان ئەو یاریزانە و لوئەی سەڵاحی راهێنەری یانەکە کرد. تۆڕی میدیایی رووداو لە بەدواداچوونی ئەو دۆسێیەدا بۆی دەرکەوت، پشووی سەری ساڵ، هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەیەتی.
هیران ئەحمەد، 24 ساڵ، ناوەڕاستکاری یانەی جەوییەیە، پێشتر لە خولی نایابی سویسری لە یانەی سون یاریکردووە، وەک ئەستێرەیەکی کورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق دەرکەوتووە. وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار بۆ یاریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ یانەی دهۆک کرد و ئاستێکی بەرزی پێشاندا. هاوینی رابردوو پەیوەندی بەیانەی جەوییەوە کرد.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ کێشەی نێوان ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەی، دەرکەوتووە، هیران ئەحمەد داوای مۆڵەتی چەند رۆژێک پشووی سەری ساڵی لە لوئەی سەڵاحی راهێنەر کردووە، راهێنەرەکەش گوتوویەتی ئارامبگرە با بزانین هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو چیدەکات، دواتر مۆڵەتت دەدەمێ، کاتێک عێراق ماڵئاوایکردووە و خشتەی خولی ئەستێرەکان بڵاوکراوەتەوە، لوئەی سەڵاح بەهیرانی گووتووە نابێت پشوو وەربگریت تا دوای یاریی جەوییە بەرامبەر زەورا، دوای یارییەکە خۆم پشووت پێدەدەم و ئازادی گەشت بکەیت.
سەرچاوەیەک لە دەستەی راهێنەرانی یانەی جەوییە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت "دوای ئەو گفتوگۆیەی نێوان هیران و لوئەی سەڵاح، ئەو یاریزانە بەبێ ئەوەی راهێنەرەکەی ئاگادار بکاتەوە، چووەتە لای دەستەی کارگێڕیی یانەکە و پاسپۆرتی عێراقی پێداونەتەوە و و بەبەرپرسانی یانەکەی گوتووە، من گەشت دەکەم و پاشان دەگەڕێمەوە".
هیران ئەحمەد لەدایکبووی ئەڵمانیایە و هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانی و عێراقییە.
ئەو سەرچاوەیەی یانەی جەوییە، دەڵێت "بڕیاری رۆیشتنەکەی هیران لای راهێنەرمان قبووڵکراو نییە، هەر بۆیە ئێمە ئەو پرسەمان بۆ دەستەی کارگێڕیی بەجێهێشتووە، ئەو یاریزانە هیچ کێشەی لەگەڵ راهێنەر نییە و داوای لێکراوە پابەندی بڕیارەکانی تیپەکە بێت، تا تەواوبوونی یارییەکەمان بەرامبەر یانەی زەورا".
رووداو چەند جارێک پەیوەندی بە هیران ئەحمەدەوە کرد بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو لەبارەی ئەوەی لەگەڵ یانەکەی روویداوە، بەڵام ناوبراو وەڵامی نەدایەوە.
جەوییە وەرزی ئەمساڵ بەکۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، دواین یاریشی لە کلاسیکۆی عێراق بە یانەی زەورا دۆڕاند بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک.
عەلی مەنسور، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی جەوییە، لەبارەی ئەگەری سزادان یان هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر هەڵسوکەوتی ئەو یاریزانە بەڕووداوی گوت، "ئێمە جارێ هیچ کارێک ناکەین و چاوەڕواندەکەین تا هیران ئەحمەد دێتەوە، هەوڵدەدەین کێشەکە بەلێکتێگەیشتن چارەسەر بکەین ".
هیران ئەحمەد لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەی دهۆک هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و ئەم وەرزەش تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەی جەوییە، خاوەنی دوو گۆڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ