مێسی هۆکاری نەچوونی بۆ کۆشکی سپی ئاشکرا دەکات

دوێنێ کاژێر 11:05
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی لە نامەیەکدا سوپاسی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و هۆکاری نەڕۆیشتنی بۆ رێوڕەسمی بەخشینی میدالیای ئازادی، لە کۆشکی سپی خستەڕوو.
 
رۆژی 4/1/2025، کۆشکی سپی لە رێوڕەسمێکدا، میدالیای ئازادی بەخشییە کۆمەڵێک کەسایەتی گرنگی ئەمریکی و جیهانی.
 
میدالیای ئازادی، رێزلێنانێکی تایبەتە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە دەدرێتە کەسانێک کە خزمەتێکی گەورەیان بە مرۆڤایەتی کردبێت.
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی کە ئەو میدالیایەیان بەدەستهێنا و کۆشکی سپی لە نووسراوێکدا رایگەیاند "لیۆنێل مێسی زۆرترین خەڵاتی بردووەتەوە لەمێژووی تۆپی پێی پیشەگەرانەدا و ئەو یاریزانە پشتگیری چەندین پڕۆژەی پەروەردە و تەندروستی دەکات لەڕێگەی دامەزراوەی لیۆ مێسییەوە، ئەو باڵیۆزی نیازپاکیی یونیسێفیشە".
 
سەرەڕای ئەوەی لیۆنێل مێسی، ناوی لە لیستی بانگێشکراوەکان بوو بۆ رێوڕەسمەکە بوو، بەڵام ئەو لە کۆشکی سپی ئامادە نەبوو. رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، لیۆنێل مێسی لە نامەیەکدا بۆ کۆشکی سپی هۆکارەکەی خستووەتەڕوو و گوتویەتی "وەرگرتنی ئەم میدالیایە شانازییەکی گەورەیە بۆمن، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوە، بەڵام بەداخەوە من پابەندبوونێکی پێشوەختم هەیە و ناتوانم رۆژی 4/1/2025 لە کۆشکی سپی بۆ رێوڕەسمەکە ئامادە بم، بەڵام من ئەم کارەتان زۆر بەرز دەنرخێنم". 
 
یانەی ئینتەرمەیامی لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەیان خستەڕوو کە مانگی 12، کۆشکی سپی لەڕێگەی فیفاوە بە یانەکەیان راگەیاندبوو کە لیۆنێل مێسی میدالیای ئازادی وەردەگرێت و داوایان کردبوو رۆژی 1/4/2025 لە رێوڕەسمەکە ئامادەبێت، بەڵام مێسی لەبەر کێشەیەک لە خشتەی کارەکانی، نەیتوانی لەو کاتەدا ئامادەبێت و رایگەیاندووە کە خۆشحاڵ دەبێت بەوەی لە کاتیکی دیکەدا سەرۆکی ئەمریکا ببینێت و میدالیاکەی لێ وەربگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە