پاریس بەدوای نازناوی ژمارە 13دا دەگەڕێت

دوێنێ کاژێر 08:29
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی سوپەری فەرەنسا یانەی پاریس سانجێرمان یانەی مۆناکۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە یاریگەی 974ی مۆندیالیی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، هەردوو یانەی پاریس سانجیرمان و مۆناکۆ، لە جامی سوپەری فەرەنسادا بەیەک بکەن.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 19:30 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیاربوو یارییەکە لە چین بەبۆنەی شەست ساڵەی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان فەرەنسا و چینەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دوا ساتەکاندا هەڵوەشێنرایەوە و یارییەکە گواسترایەوە بۆ دەوحە.
 
سانجێرمان کە بەجیاوازیی دە خاڵ باڵادەستیی خۆی بەسەر خولی نێوخۆی فەرەنسادا سەپاندووەتەوە، هەوڵدەدات نازناوی ژمارە سیانزەی خۆی لە جامی سوپەردا بەدەست بهێنێت و نازناوی جامەکە لای خۆی بهێڵێتەوە پاشئەوەی لە دوو وەرزی رابردوودا بەدەستیهێنا.
 
لە کاتێکدا مۆناکۆ کە ئێستا سێیەمی ریزبەندی خولی فەرەنسایە و تاکە یاریی وەرزی ئەمساڵیشی بەرامبەر سانجێرمان بە چوار بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاندووە، دەیەوێت یەکەم نازناوی جامەکە لە دوای بیست و چوار ساڵ بەدەست بهێنێت.
 
پاریس سانجێرمان بەپێکهاتەیەکی تەواوەوە رووی لە قەتەرکردووە و دەیەوێت یەکەم نازناوی خۆی لە ساڵی 2025دا بەدەست بهێنێت و ئەوە بکاتە پاڵنەر بۆ باشکردنی ئەنجامەکانی لە چامپیۆنزلیگ، لە کاتێکدا مەترسیی چوونە دەرەوەی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە لەسەرە.
 
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "بەبڕوای من، بەشی یەکەمی وەرزەکە زۆر باشبوو. ئێستا نزیکدەبینەوە لە باشترین بەشی وەرزە. بەشی دووەمی وەرزەکە هەلی بردنەوەی نازناوەکانمان دەداتێ و ئەوەش مانای بەردەوامبوونە لە هەنگاونان لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان. دڵخۆشم بەوەی دەیبینم، وەک هەر تیپێکی دیکە، هەندێک شتمان هەیە کە دەبێ باشتری بکەین".
 
لە وەرزی ئەمساڵدا، سانجێرمان و مۆناکۆ، یاریی نێوانیان لە خول پێشخرا، ئەوکات یارییەکە بەسەرکەوتنی سانجێرمان 4 - 2 گۆڵ کۆتاییهات، راهێنەری سانجێرمان لەبارەی ئەنجامەکەی ئەو یارییەوە گوتویەتی، "لەبارەی دوایین یارییمانەوە بەرامبەر مۆناکۆ، پێموایە یارییەکی چێژبەخشبوو بە هاندەران. لەسەرەتاوە کۆنترۆڵی یارییەکەمان کرد و لە ئاستدا بەرەو پێش چووین. ئاستی مۆناکۆ ئەوکات زۆر باشبوو، بەڵام کاتێک بەرامبەر رکابەرێکی هاوشێوەی ئەوان یارییدەکەیت، سرووشتییە کە رکابەرەکەت لە هەندێکی ساتی یارییەکەدا بتوانێت پێشت بکەوێت. پێموایە ئەنجامی یارییەکە ئەوکات روونیکردەوە ئێمە باڵادەستبووین، بەڵام بەدڵنیاییەوە یارییەکی کراوەش بوو. پێشبینی دەکەم یارییەکەی ئەمجارەمان جیاواز بێت، چونکە ئەوە یاریی کۆتایی و یاریی کۆتاییش مانای ئەوەیە یەکێک لە هەردوو تیپەکە دەبێ بدۆڕێت. هیوادارم یارییەکی باشمان هەبێت و هاندەران چێژی لێوەربگرن".
 
لە بەرامبەردا، ئادی هوتەر، راهێنەری یانەی مۆناکۆ پەسنی زۆری هێڵی ناوەڕاستی پاریسی داوە، دەڵێ ئەوان یەکێکن لە بەهێزترینەکانی ئەورووپا.
 
راهێنەری مۆناکۆ دەڵێ، "هەمووان دەزانن کە بەلای منەوە، هێڵی ناوەڕاستی پاریس سانجیرمان، یەکێکە لە باشترین هێڵەکانی ناوەڕاست لە هەموو ئەورووپا. ئێمە باسی فابیان رۆیز دەکەین کە لەگەڵ ئیسپانیا یۆرۆی بردووەتەوە. هەروەها ڤیتینیا کە یەکێکە لە باشترین ناوەڕاستکارانی جیهان. هەروەها وارن زاییر ئێمری و جواو نیڤێز کە لە بێنفیکاوە هاتووە، ئەوان هێڵێکی ناوەڕاستی بەهێزیان هەیە، بەڵام ئێمەش شێوازی جیاوازی خۆمان هەیە لە تۆپی پێدا و ستایلی خۆمان هەیە. پێموایە ئەوەی یارییەکە یەکلادەکاتەوە، هێڵی ناوەڕاستە، بەڵام کاتێک بەپێی پێویست بەهێز دەبین و ئازایەتیمان دەبێت، ئەوکات شێوازی خۆمان دەسەپێنین. چاوەڕێی یارییەکە دەکەین و دەبینین کە ئەوان باشن لە کۆنترۆڵکردن، بەڵام بێ کۆنترۆڵیش ئێمە هەلی بردنەوەمان دەبێت و هیوادارم بتوانین هەلەکان بقۆزینەوە. دووپاتیدەکەمەوە یارییەکە هێڵی ناوەڕاست یەکلای دەکاتەوە".
 
پێشتر پاریس سانجێرمان 12 جار نازناوی جامی سوپەری فەرەنسای بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا مۆناکۆ لە ساڵی 2000ەوە ئەو نازناوەی نەبردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە