راهێنەری عێراق: بە فەلسەفەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییدەکەین

05-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خیسوس کاساس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " فەلسەفەی تۆپی پێی ئیسپانیا لە تۆپی پێی عێراقدا جێبەجێدەکەین."
 
کاساس لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر عومان لە دەستپێکی جامی کەنداودا گوتی " ئێمە لە ساتی یەکەمەوە هەستمان بەبایەخی پاڵەوانێتییەکە کرد لە رێگەی بایەخپێدانی هاندەرانی هەڵبژاردەکەوە. کاتێک بە شەقامەکاندا دەڕۆم، دەبینم ئەوان چەندە بەجۆشوخرۆشن بۆ هەڵبژاردەکەیان لە یارییەکاندا. بێگومان ئێمە هەموو توانای خۆمان بۆ بردنەوە دەخەینە کار، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا ئەنجامەکانن کە بڕیار دەدەن."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق کە ئیسپانییە دەڵێت " ناڵێم بەشێوەی تەواو و لەسەدا سەد، بەڵکو دەڵێم هەوڵدەدەین لەسەر هەمان شێوازی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری بکەین و فەلسەفەکەمان هەمان فەلسەفەی تۆپی پێی ئیسپانی دەبێت."
 
لەبارەی یارییکردنیان بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان کاساس گوتی " دەزانین کە هەڵبژاردەی عومان رکابەرێکی قورس و ئاڵۆزە و یارییەکانی ماوەی رابردووی هەڵبژاردەی عومانمان بینی کە ئاستیان باشە و ئەوان لە جامی کەنداوی پێشووتردا پاڵەوان بوون. بێگومان ئێمە خاڵە بەهیزەکانی هەڵبژاردەی عومان دەزانین و هەوڵدەدەین خاڵە لاوازەکانیان لە بەرژەوەندی خۆمان بقۆزینەوە، دەزانین سەرکەوتن بەسەریاندا ئاسان نییە، بەڵام هەوڵدەدەین بیبەینەوە. ئامانجی ئێمە تەنیا یارییەک نییە و ئێمە بۆ داهاتووی دوور بیردەکەینەوە، سبەی هەنگاوی یەکەمی سەرەتای ئەو ئامانجە دەبینین."
 
یارییەکانی جامی کەنداو، رۆژی هەینی بە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان دەستپێدەکات، یارییەکە کاژێر 19:00 لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس دەگوازرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە