ڤیدیۆ؛ ئەو کوردەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاردەکات کێیە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسر واژۆکرا، یاریزانەکە بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ ئامادەیە، ئاڵنگارییەکی نوێ چاوەڕێی رۆناڵدۆیە، کوردێک لە یانەی نەسر رۆڵی گەورەی لە گواستنەوەی پەیامی رۆناڵدۆ بۆ بەرپرسان و یاریزانانی یانەکە هەبووە.
 
وەرگێری کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسر لە کاتی ناساندنیدا کوردێک بوو، کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ تۆپی پێی سعودیە و یانەی نەسر کاردەکات.
 
مەحموود حەننان، کوردێکی گوندی جەبلیەی سەر بە شارۆچکەی راجۆی و شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، ئەو لە 1973 لە دایکبووە و ئەزموونێکی زۆری لە رۆشنبیری وەرزشیدا هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ تۆپی پێی سعودیە هەیە.
 
کوردەکەی رۆژئاوای کوردستان زمانەکانی سێربی، کرواتی، ئینگلیزی، بۆسنی، ئیسپانی، رووسی، عەرەبی و کوردی دەزانێت، ئەمەش وایکردووە هەمووان هیواخوازبوون کاری لەگەڵ بکەن.
 
مەحموود حەننان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " هەست بە شانازییەکی زۆر دەکەم وەک کوردێک لە ژووری جل گۆڕینی یانەی نەسر وەرگێڕانم بۆ قسەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و لە نزیکەوە چاوم بەو ئەستێرەیە گەورەی جیهان کەوت."
 
حەننان لە 1999ـەوە لەگەڵ یانەی نەسری سعودی دەستی بەکارکردووە، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە کاریکردووە، پاشان گەڕایەوە یانەی نەسر و تاوەکو 2007 بەردەوامبوو، دوای ئەوەش پەیوەندیی بە یانەی ئیتیحاد جەددەی هەمان وڵاتەوە کردووە.
 
مەحموود حەننان، مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ یانەی نەسر هەیە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رودی گارسیا، راهێنەری فەرەنسیی یانەکە و سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکە هەیە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی هەمووان ئەویان خۆشبووێت و بە کارکردن لەگەڵی هەست بە ئارامی بکەن.
 
وەرگێڕە کوردەکەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەستکەوتی زۆری لە ماوەی کارکردنیدا بەدەستهێناوە، لەگەڵ یانەی نەسر بەشداریی لە مۆندیالی یانەکانی 2000 کردووە، لەگەڵ سعودیە بەشداریی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2002 و جامی کەنداوی 15ـی کردووە، لەگەڵ ئیتیحاد جەدە بەشداریی لە جامی جیهانی یانەکان کردووە، لەگەڵ هەمان یانە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و جامی عەرەبی بەدەستهێناوە، 3 جار لەگەڵ یانەی نەسر بوونەتە پاڵەوانی خولی سعودیە و دوو نازناوی جامی سوپەری ئەو وڵاتەشی بەدەستهێناوە.