چۆن دەگەنەوە ئارسیناڵ؟ گواردیۆلا وەڵامدەداتەوە

05-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دانی بەوەدا نا کە گەیشتنەوە بە ئارسیناڵ لە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگدا زەحمەتە، گوتیشی "ئاسان نییە کاتێک تیپی بەرامبەر بۆ ماوەیەکی زۆر دەگەڕێتە دواوەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکات بۆ ئەوەی هێرشێکی هەڵگەڕاوە بکات".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر سیتی دەبێتە میوانی چێڵسی لەسەر یاریگەی ستامفۆرد برێج لە لەندەن.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ئەو شێوازەی کە دەبێت یاری پێبکەی بۆ ئەوەی جیاوازییەکە لەگەڵ ئارسیناڵ کەمبکەیتەوە، یاریکردنی باش و بردنەوەی یارییەکانە". 
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەوە راستییە، ئارسیناڵ تێکڕایی خاڵەکانیان زۆر باشە، دەگەنە 100 خاڵ، یان زیاتر لە 100 خاڵ ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن لە یاریکردن، ناتوانین بگەینەوە ئەوانم دەبێت خەیاڵی بین، لە کاتی نزیکبوونەوە لە کۆتایی وەرزەوە پێشبینی دەکەم کەمێک ئاستیان دابەزێت، بەڵام ئەوان جارێکی دیکە بەرامبەر نیوکاسڵ نایاب بوون".
 
پێپ لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "جگە لە یاریی برێنتفۆرد، ئێمە لە هەموو یارییەکاندا لە رکابەرمان باشتر بووین، ئەوە هەستی منە. بەڵام ئەوە پەیوەندی بە ئەنجامەکان و چاوەڕوانی خەڵکەوە هەیە لەوەی کردمان، هەرگیز ئاسان نییە کاتێک تیپی بەرامبەر بۆ ماوەیەکی زۆر دەگەڕێتە دواوەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکات بۆ ئەوەی هێرشێکی هەڵگەڕاوە بکات".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە، هەروەها گوتی "بەڵێ، ئەوە قورسە. بەڵام هەمیشە بووە و دەبێت. لەبەرئەوە دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە. ئەگەرچی پێموایە ئێمە لەم ساڵانەی دواییدا دۆزیومانەتەوە، ئەگەرنا نەماندەتوانی بگەینە هەموو ئەو دەستکەوتانە کە بەدەستمان هێناون".
 
گواردیۆلا لەبارەی بێرناردۆ سێلڤاش قسەی کرد و گوتی "یاریزانێکی سەرەکییە، یاریزانێکی زۆر گرنگە چ لەنێو یاریگا و چ لە دەرەوەی یاریگا، کوڕێکە دەتوانێت قسە بکات، بێرناردۆ هەمیشە گفتوگۆیەکی خۆشمان هەیە، هەمیشە شتێک لەبارەی مرۆڤایەتییەکەیەوە فێردەبیت، ئەو یاریزانێکی رکابەرییە. ئاستی باوەڕپێنەکراوە بەرامبەر یانە گەورەکان، هیچ شتێک لەبارەی داهاتووەکەیەوە ناگۆڕێت، ئەوە تایبەتە بەخۆی".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە