ئەحمەد سەرتیپ درێسی یانەی ئارارات دەپۆشێت

05-01-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەحمەد سەرتیپ یانەی زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال 

یانەی ئارارات بەمەبەستی بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەی لە خولی نایابی کوردستان، چوار یاریزانی کوردی خولی نایابی عێراقی هێنایە ریزەکانی. 

یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان بە بەشداری 15 یانە بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، یانەی ئارارات لە کۆمەڵەی دووەمە و تەنیا 3 خاڵی هەیە لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندییە. 

ئەنوەر محەممەد، راهێنەری یانەی ئارارات لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بۆ بەهێزکردنی تیپەکەمان لە خولی نایابی کوردستان 4 یاریزانی کوردی خولی نایابی عێراقمان هێنایە ریزی تیپەکەمان، لەبەرئەوەی تیپەکەمان پێویستی بەتوانای ئەو یاریزانانە بوو".

یاریزانەکان بریتین لە ئەحمەد سەرتیپ کە خەڵکی هەولێرە و گۆڵکاری یانەی نەفتە، لەگەڵ ئەمیرخان خواستی، شەعبان خەلیل، وشیار حوسێن یاریزانانی یانەی زاخۆ. 

محەممەد زیاتر روونیکردەوە "ئێمە بۆ رکابەریی لەسەر نازناوەکە ئەو یاریزانانەمان نەهێناوە، بەڵکو تەنیا دەمانەوێت لە خولەکە بمێنینەوە و دانەبەزین، توانای دارایی یانەکەمان خراپە و ناتوانین خەرجییەکی زۆر لە خولی کوردستان بکەین".

ئەحمەد سەرتیپ، پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووان و لاوانی عێراق بوو، ئێستا لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقە، چەند وەرزێک لە ریزی یانەی هەولێر یاریکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە