وێستهام دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە

رووداو - هەولێر

لە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراودا یانەی وێستهام دەیەوێت بە دەستەوارەیەکی گەورە بەرگریکارێک بباتە یانەکەی.

یانەی وێستهام ئامادەیی خۆی پیشانداوە بە بڕی 70 ملیۆن پاوەند خالیدۆ کۆلیبالی بەرگریکاری یانەی ناپۆلی بباتە یانەکەی.

وێستهام بەم دەستەوارە مێژووییە دەیەوێت رکابەری یانەکانی، چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام بکات لە گواستنەوەی ئەم یاریزانە سەنیگالییە، لە ئەگەری روودانی ئەم گرێبەستەش خالیدۆ دەبێتە گرانترین یاریزان لە مێژووی یانەکەدا.

کۆلیبالی 28 ساڵە و لەلایەن چەندین یانەی گەورەی ئەوروپاوە داواکراوە و ناپۆلیش بۆ دەستبەرداربوون لێی داوای زیاتر لە 120 ملیۆن یۆرۆ دەکات.

خالیدۆ لە ساڵی 2014ەوە لە ناپۆلی یاریدەکات و تاوەکو ئێستا 168 یاری لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە ئەنجامداوە و خاوەنی 10 گۆڵە.