مانشێتی رۆژنامە وەرزشییەکانی ئەمڕۆ

له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌ وه‌رزشییه‌كانی ئه‌مڕۆی رووداو له‌ كاژێر 11:40 تیشك خرایه‌سه‌ر گرنگترین مانشێتی رۆژنامه‌ وه‌رزشییه‌كانی كوردستان و ئه‌وروپا.


رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی

لە هەموو مێدیای بەریتانیا ئەمڕۆ باس باسی شکستەکەی یانەی چێڵسییە بەرامبەر یانەی تۆتێنهام، شەوی رابردووی تۆتێنهام بووە ئەو یانەیەی کە چێڵسی راگرت و دوای 13 بردنەوەی لەسەریەک ئەو یانەیەی تووشی شکستکرد کاتێک بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە.

رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی ئینگلیزی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا وێنەیەکی دێلی ئالێی داناوە کە بە دەم خۆشییەکی زۆرەوە دەمی کردووەتەوە دوای ئەوەی دوو گۆڵی بە لێدانی سەر بۆ یانەکە تۆمارکرد و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و رۆژنامەکە نووسیوویەتی دێلی لە وەیت هارت لەین حکوم دەکات، مەبەست لێی ئەو دوو گۆڵە بەنرخەیە کە لە یارییەکەدا تۆماریکردن.

ئالی بەو دوو گۆڵە بووە یەکەم یاریزان لەم وەرزەدا دوو گۆڵ لە چێڵسی بکات، بووە یەکەم یاریزانی تۆتێنهام لە 1-4-2012ەوە دوو گۆل لە یارییەکەدا بەلێدانی سەر تۆماربکات کە هەشتەم یاریزانی ئەو یانەیەیە لە پرێمەرلیگ ئەو کارەبکات.

چێڵسی دوایین دوو جار کە نازناوی بردووەتەوە، بەرامبەر تۆتێنهام لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دۆڕاوە، لە 2009-10 بە 2-1 دۆڕا، لە 2014-2015 بە 5-3 دۆڕا.

---------

رۆژنامەی مارکا وێنەیەکی جەیمس رۆدریگێزی داناوە و نووسیوویەتی ئەمە پێشکەشە بە هەموو مەدریدییەکان، مەبەست لێی ئەو سەرکەوتنە گرنگەیە کە یانەکە بەبێ بی بی سی لە یاری چوونی قۆناخی شازدەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سیڤییا بەدەستهێنا، رۆژنامەکە نووسیوویەتی زیدان هەنگاوێکی گەورەی بەرەو قۆناخی داهاتوو هاوێشت، هەروەها ئەوەشی نووسیوو کە جەیمس متمانەی بۆ خۆی گەڕاندەوە دوای ئەو دوو گۆڵەی لە یارییەکەدا تۆماریکردن و یانەکەی بەرەو سەرکەوتن برد، هەروەها ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا چوار گۆڵی بەرامبەر سیڤییا تۆمارکرد، لە هیچ یانەیەکی دیکە ئەوەندە گۆڵی نەکردووە.

38 یارییە ریال مەدرید نەدۆڕاوە، 29 یاری بردووەتەوە لە 9 یاری یەکسانبووە، بارسێلۆنا لە ئیسپانیا خاوەنی ریکۆردە کە 39 یاری لەسەریەک نەدۆڕا، لە مانگی 10-2015 بۆ مانگی 3-2016.

--------

هەر لە ئیسپانیا دەمێنینەوە، رکابەرەکەی بارسا بردییەوە رکابەرەکەی مارکاش باسی کەتەلۆنییەکان دەکات، رۆژنامەی سپۆرتی نزیک لە بارسێلۆنا لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیوویەتی "شەوی شا" مەبەست لێی جامی شای ئیسپانیاییە لە یاری نێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیک بیلبا و بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی سان مامێس لە هەرێمی باسک، ئەم یارییە وەک لە رۆژنامەکەشدا ئاماژەی بۆ کراوە کاژێر 21:15 بەکاتی ئیسپانیا و کاژێر 23:15 بە کاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.

لە دوایین شەش یاریدا ئاتلێتیک بیلباو لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا لە بارسێلۆنای نەبردووەتەوە، دوایین بردنەوەی ئەو یانەیە بە سەرکردایەتی ئارتیز ئادوریز بوو لە جامی سوپەری ئیسپانیا لە 2015 کاتێک لە نێو یاریگەی خۆیان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە بارسایان بردەوە و ئادوریزیش هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.

--------

لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی لا گازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵیدا، هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ماور ئیکاردی، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەرمیلان ئەنجامدراوە، ئیکاردی دەڵێت، " ئینتەر ریبالتیامۆ" واتا هەموو شتێک لە ئینتەر دەگۆڕێت.

مەبەستی ئیکاردی لەم قسەیەی ئەوەیە کە سەرۆکی نوێی یانەکەی بەبڕی 307 ملیۆن دۆلار زۆرترین پشکی یانەکەی کڕیوە، ئەویش سونینگی چینییە، ئەو دەڵێت سۆنینگ دەتوانێت هەموو شتێک لە ئینتەر بگۆڕێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە چاوەڕێی گالیاردینی دەکات بۆ ئەوەی بێتە یانەکە، ئاماژەی بەوەکرد کە پلەی سێیەمی خولی ئیتاڵیا لەدەستی خۆیاندایە و بە ئاسانی لەدەستی نادەن، هەرچەندە ئێستا 5 خاڵ لێی دوورن.
س