رافینیا لەبارەی یاریزانێکەوە بۆ فلیک: یان من یان ئەو

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک رافینیا نیکۆ ویلیامز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رافینیا ترسی لەوە هەیە بارسێلۆنا گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک بکات و راشکاوانە بە هانزی فلیکی گوتووە "نابێت رێگە بدەی ئەو یاریزانە بێتە بارسێلۆنا".
 
رافینیا لە سەرەتای وەرزدا باشترین ئاستی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا پێشکەش کردووە، و خۆی وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی ئەم وەرزەی یانەکە سەلماندووە. تەنانەت ئەو وایکرد بارسێلۆنا لە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگادا بێت و رۆڵی سەرەکی بینی لەوەی بارسا لە چامپیۆنزلیگدا لە ریال مەدرید و بایرن میونشن بباتەوە.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە هیچ گومانێکی لەسەر ئاستەکەی لەدوای خۆیدا بەجێنەهێشتووە و بە گۆڵ و ئەسیستەکانی هەمووانی سەرسام کردووە، کە بۆ دەستپێکردنی تیپەکەی زۆر گرنگ بوون، بەڵام لە دەرەوەی یاریگا، یەک پرس لە یانەکەدا لەژێر گفتوگۆدایە کە راستەوخۆ پەیوەندی بە رافینیاوە هەیە، ئەویش ئەگەری گواستنەوەی نیکۆ ویلیامزی یاریزانی ئیسپانییە بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا. 
 
چەند مانگێکە ناوی بەهرەمەندە گەنجەکەی ئاتلێتیک بیلباو بە بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگی داوەتەوە. زۆر لە کارگێڕییەکانی یانەکەش وەک وەبەرهێنانێکی گرنگ بۆ داهاتوو دەیبینن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانییەوە بڵاوکراونەتەوە، گرنگیدانی یانەکە بە نیکۆ ویلیامز لەلایەن رافینیاوە پێشوازییەکی باشی لێنەکراوە و یاریزانەکە نایەوێت ئەو بێتە بارسا، چونکە بۆ ئەو هاتنی یاریزانی باڵی ئیسپانی بەمانای رکابەریی راستەوخۆیە لە پێکهاتەی سەرەکیدا و مەترسییەکی ئەگەری هەیە لەسەر بەردەوامبوونی لە پێکهاتەی سەرەکی بارسا لەژێر چاودێری فلیکدا.
 
هەرچەندە رافینیا تاوەکو ئێستا لێدوانی ئاشکرای نەداوە، بەڵام سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەڵوێستەکەی روونە و ئەو نایەوێت نیکۆ ویلیامز پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات، ئەم گرژیانەش گەیشتووەتە گوێی دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، کە بەباشی زانیوە بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ ویلیامز بۆ ماوەیەک سڕبکات.
 
بۆ دیکۆ بارودۆخی رافینیا زۆر هەستیارە. یاریزانە بەرازیلییەکە بووەتە سەرمایەیەکی گرنگ لە بارەسێلۆنا، زۆر گونجاوە لەگەڵ شێوازی یاریکردن هانزی فلیک.
 
هەروەها فلیکی راهێنەر خۆشحاڵی خۆی بەئاستی رافینیا دەربڕیوە و پێیوایە کە ئەو سەلماندوویەتی یاریزانێکی هەمەلایەنەیە و توانای ئەوەی هەیە لە ساتەوەختە سەختەکاندا بەرپرسیارێتی هێرشبەری لەئەستۆ بگرێت.
 
لای خۆیەوە هانزی فلیک داوای لە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا کردووە کە بیرۆکەی گرنگیدان بە نیکۆ ویلیامز لە مێشکیاندا بسڕنەوە، چونکە رافینیا بەهای خۆی سەلماندووە، و ئێستا هیچ یاریزانێکی جیهان ناتوانێت بەو ئاستە پێشکەش بکات کە ئەو یاریزانە بەرازیلییە ئەنجامی دەدات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەقسەی ئێل ناسیۆناڵ، رافینیا چووەتە لای هانزی فلیک و لەو بارەیەوە ناڕەزایەتیی خۆی پێڕاگەیاندووە و پێیگوتووە "یان من یان ئەو".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە