رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، خاڤێر ماسکێرانۆ، راهێنەری نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند و راهێنەرەکە دەڵێت "هەرگیز نکۆڵی لە پەیوەندی بە هێزی خۆم لەگەڵ مێسی ناکەم."
ماسکێرانۆ لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا کە خۆرخی ماس، یەکێک لە خاوەنەکانی یانەی ئینتەرمەیامی تێیدا ئامادەبوو، وەکو راهێنەری نوێی ئینتەرمەیامی بە میدیاکان ناسێنرا و لە دوای ئەوەش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
راهێنەری یانە ئەمریکییەکە لە قسەکانیدا گوتی "سوپاسی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەکەم، بۆ ئەو تێگەیشتنە گەورەیەی هەیبوو و رێگەیدام بڕۆم، کاری من لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین بوو و لەنێویاندا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی خوار 20 ساڵا بەشداربووین، ئەوە بۆ من وەکو سوپرایزێک بوو و کارێکی گەورە بوو و زۆر بەخێرایی تێپەڕی، دەبوو بڕیارەکە بدەم، هیچ دوودڵ نەبووم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پیشەکەم."
لەبارەی ئەوەی مێسی هیچ کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەی هەبووە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری ئینتەرمەیامی؟ خاڤێر ماسکێرانۆ گوتی "پەیوەندییەکی زۆر بەهێزم لەگەڵ لیۆ هەیە، نکۆڵی لەوە ناکەم و هەرگیزیش نکۆڵی لێ ناکەم، پەیوەندیی ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەیە و بەهۆی ئەو ماوەیەی بەیەکەوە یاریمانکردووە گەشەی سەندووە، ماوەیەکی درێژە یەکدی دەناسین، ئەوەی لەبارەی بڕیارەکەمە من هیچ بیرۆکەیەکم نییە و دەبێت پرسیار لە بەرپرسانی ئینتەرمەیامی بکەن، من دڵخۆشم کە لێرەم، بەپەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵ یانەکە و بەخۆشحاڵییەوە چاوەڕێی سەلماندنی تواناکانمم."
خاڤێر ماسکێرانۆ، پێشتر راهێنەری تیپی لاوانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوو، لە شوێنی تاتا مارتینۆ کرایە راهێنەری ئینتەرمەیامی و جارێکی دیکە لەگەڵ لیۆنێل مێسی، لویس سوارێز، سێرخیۆ بوسکێس و خۆرخی ئەلبا کاردەکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەکو راهێنەری ئەوان، لەکاتێکدا پێشتر بەیەکەوە لە بارسێلۆنا یارییانکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ