رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هیواخوازە هەمان چارەنووسی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پێشووی چێڵسی ئینگلیزی نەبێت.
پێپ لەبارەی ئاماژەکردنی بۆ هاندەرانی لیڤەرپوول بەدەست بۆ ئەو شەش نازناوەی پرێمەرلیگ کە بەدەستیهێناوە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، گواردیۆلا کاتێک لە نێو ئانفێڵد لەلایەن هاندەرانی لیڤەرپوولەوە دەماریگیرا و پێیاندەگوت سبەی لە کارەکەت دەردەکرێیت، ئەو بە شەش پەنجە وەڵامیدانەوە، وەک ئاماژەیە بۆ ئەو شەش نازناوەی لە پرێمەرلیگ بەدەستیهێناون.
ئاماژەکانی پێپ، لەلایەن میدیاکانەوە بەو سێ پەنجەیە بەراوردکران کە چەند ساڵێک جۆزێ مۆرینیۆ، لە وەڵامی هاندەرانی یانەی چێڵسیدا بەرزیکردنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەدەستهێنانی سێ نازناوی پرێمەرلیگ.
پێپ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی لێکچوونی ئەوەی ئەو کردوویەتی، لەگەڵ ئەوەی مۆرینیۆ کردوویەتی، دەڵێ، "هیوادارم هەمان چارەنووسی مۆرینیۆم نەبێت".
فەیلەسووف هەروەها دەڵێ، "لەکۆتاییدا لەوانەیە من و ئەو لەیەک بچین، بەڵام ئەو سێ نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە و من شەشم بردووەتەوە".
گواردیۆلا لەبارەی دۆخی تیپەکەیەوە کە ئێستا لە ژێر گوشارێکی زۆردایە بەهۆی خراپیی ئەنجامەکانەوە دەڵێ، "لەسەرەتای وەرزدا دۆخمان زۆرباشبوو، قەڵخانی خێرخوازیمان بردەوە و لە نێو ستامفۆرد بریج سەرکەوتووبووین، سەقامگیربووین و ئاستمان باشبوو، لەبەرئەوە من دەبێ چارەیەک بۆ دۆخەکە بدۆزمەوە و سەقامگیری بگێڕمەوە بۆ تیپەکە و ئاستمان، تاوەکو بتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین".
مانچێستەر سیتی لە دوایین حەوت یاریی خۆیدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، شەش دۆڕان و یەک یەکسانبوونی بەدەستهێناوە.
ئەمشەو سیتی لە گەڕی 14ی پرێمەرلیگ، رووبەڕووی نۆتێنگهام فۆرێست دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ