ئەمشەو پرێمەرلیگ پڕ رکابەری و بەهێز دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتد یەکەم تاقیکردنەوەی زەحمەت لەژێر سەرپەرشتی رۆبن ئامۆریم، راهێنەری نوێی یانەکەی ئەنجامدەدات و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ئارسیناڵ دەبێتەوە.
دوای ئەوەی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە یۆرۆپالیگدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، راهێنەرە نوێیەکەی مان یونایتد دەیەوێت لە پرێمەرلیگدا یەکەم سێ خاڵ بباتەوە، بەڵام ئەرکی قورسە، یەکەم لەبەرئەوەی بەرامبەر ئارسیناڵ یاری دەکات و دووەمیش بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات.
مانچێستەر یونایتد لە دوو یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا هیچ بردنەوەیەکی بەرامبەر ئارسیناڵ نییە و ئامۆریم دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی یانەکە بهێنێت.
بەر لەم یارییە ئارسیناڵ لە دوای 13 گەڕ لە پلەی دووەمی ریزبەندە و تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، مانچێستەر یونایتد لە پلەی نۆیەمە و تەنیا 5 بردنەوەی هەیە، لووتکەی ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە دەبێت بۆ راهێنەرە لاوەکەی پۆرتوگال.
بەر لەم یارییە چەند یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێش و بەهێز بەڕێوەدەچن، یانەی مانچێستەر سیتی دوای 7 یاریی بەبێ بردنەوە، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی نۆتینگهام یاری دەکات، کە ئەم یانەیە تاکە یانەیە لەم وەرزەدا لە یانەی لیڤەرپوولی بردووەتەوە.
گواردیۆلا و تیپەکەی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا یاری دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبەردەم ئەرکێکی زەحمەتدایە، بەتایبەت نۆتینگهام لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی هەیە و ئێستا لە پلەی شەسەمی ریزبەندی خولەکەیە و تەنیا یەک خاڵ لە دواوەی مانچێستەر سیتییە.
لە یارییەکی دیکەی بەهێزدا کە ئەمشەو دەکرێت، یانەی لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەیەوێت درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات و دوای بردنەوە لە ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا و بردنەوە لە مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگدا، ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر نیوکاسڵ یاری دەکات.
لیڤەرپوول لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و ئەمشەو نایەوێت تووشی دووەم شکستبێت، بەڵام نیوکاسڵ ئەنجامەکانی باش نین و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ هەڵکشانی زیاتر لە ریزبەندی خولەکەدا، لەکاتێکدا ئێستا لە پلەی یازدەیەمە و تاوەکو ئێستا تەنیا 5 یاریی بردووەتەوە.