رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بەبردنەوەیەکی دیکە لە رکابەریکردنی بارسێلۆنا لەسەر پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بەردەوامبێت.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 19ـی لالیگا، کە یارییەکی پێشخراوە بەهۆی جامی سوپەری ئیسپانیاوە کە مانگی داهاتوو لە سعودیە بەڕێوەدەچێت، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یاری دەکات.
یارییەکە لە یاریگەی سان مامێس بەڕێوەدەچێت، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا سەرکردایەتی یانەکەیان کرد بۆ بردنەوە لە خێتافی دەیانەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەن، بەتایبەت کە ڤینیسیوس جونیۆر بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە یارییەکەی ئەمشەودا رۆدریگۆ گوس دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی یانەی شاهانە."
ریال مەدرید لە 2015ـەوە لە رکابەرییەکانی لالیگادا هیچ یارییەکی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو نەدۆڕاندووە و لە دوایین چوار یاریی نێوانیشیاندا ئاتلێتیک تەنیا یەک گۆڵی لە یانەی شاهانە کردووە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەحەتیانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە، هێشتا رکابەری دەکەین، هیچ نازناوێک نییە کە بمانەوێت لەم مانگەدا بیبەینەوە، بەڵام پێویستە شەڕ بۆ شتێک بکەین، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەممان و ئەو دۆخە نائاساییەی پێیدا تێدەپەڕین، ئێمە سەرکەوتووبووین لە زاڵبوون بەسەر ئەوەدا و دەبێت هێشتا بەردەوامبین."
لەبارەی ئەوەی ئێمباپێ لە یاریی رابردوودا لێدانی سزای دایە بێلینگهام، کارلۆ گوتی "هەندێک کەس رەفتاری ئێمباپێ وەکو نەبوونی متمانە بەخۆی دەبینن، بەڵام ئێمە رەفتارەکانی وەکو نیشانەی بەرپرسیارەتی و خۆنەویستی دەبینین، ئەمە دوو تایبەتمەندین کە زۆر گرنگن بۆ ئێمە و بەهرەیەکن بەهایەکی زۆریان پێدەدەین کاتێک لە یاریزانێکی وەکو ئێمباپێدا دەیبینین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ