ڤیدیۆ؛ ریڤەر پلەیت گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی خولی ئەرجەنتین

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریڤەر پلەیت بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بێلگرانۆی بردەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی جامی خولی ئەرجەنتین بەدەستهێنا.
 
لە گێمی یەکەمدا هیچ شتێک رووینەدا، بەڵام لە سەرەتای گێمی دووەمەوە رووداوەکان دەستیانپێکرد، کاتێک ڤار لە خولەکی 50 رێگەی نەدا گۆڵێک بۆ فرانکۆگارای یاریزانی بێلگرانۆ هەژمار بکرێت، بە پاساوی بوونی ئۆفساید.
 
ریڤەر پلەیت دوای 12 خولەک لە رێگەی لێدانێکی سەری سالۆمۆن رۆندۆنەوە گۆڵی پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
 
پاشان ڤار دیسان بڕیاریدا، بەڵام ئەمجارەیان بۆ هەژمارکردنی گۆڵەکەی لوکاس پاسێرینی، یاریزانی بێلگرانو لە خولەکی 80 دوای ئەوەی لە سەرەتادا گۆڵەکەی رەتکرایەوە.
 
فاکوندۆ کۆلێدیۆ، کە لە خولەکی 78 جێگەی سالۆمۆن رۆندۆنی گرتەوە، لە خولەکی چواری کاتی زیادکراودا گۆڵی بردنەوەی بۆ ریڤەر پلەیت تۆمارکرد و تیپی راهێنەر مارتن دیمیکێلیسی بردە قۆناخی پێش کۆتایی.