ڤیدیۆ؛ جواو فیلیکس بۆ بارسێلۆنا لە یانەکەی خۆی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

جواو فیلیکس، یاریزانی پۆرتوگالیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، سەرکردایەتی یانەی بارسێلۆنای کرد بۆ بردنەوە لە یانەکەی و بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
یانەی بارسێلۆنا لە یاریی لووتکەی گەڕی پانزدەمی لالیگادا، لەسەر یاریگەی مۆنتجویک، میوانداری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد و بە ئەنجامی 1-0 لێیبردەوە.
 
جواو فیلیکس، کە یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدریدە و بەشێوەی خواستن یاری بۆ بارسێلۆنا دەکات، یارمەتی بارسای دا بۆ بردنەوە لە یانە مەدریدییەکەی، کاتێک لە خولەکی 28 تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و ئەو گۆڵەی بەس بوو بۆ بەدەستهینانی 3 خاڵی زۆر گرنگ بۆ بارسێلۆنا.
 
یارییەکە بەشێوەیەکی گشتی لەژێر کۆنترۆلی یاریزانانی چاڤی هێرناندێزدا بوو، کە چەندین هەلی گۆڵکردنیان لەدەستدا، بەڵام تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنیش چەندجارێک نزیکبوون لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام یارییەکە بە تاکە گۆڵەکەی فیلیکس کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە بارسێلۆنا لەجیاتی ئاتلێتیکۆ مەدرید چووە پلەی سێیەمی ریزبەندیی لالیگا، بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ، لە بەرامبەردا ئاتلێتیکۆ مەدرید گەڕایەوە پلەی چوارەم، کە 31 خاڵی هەیە، بەڵام یارییەکی کەمتر کردووە.
 
دیێگۆ سیمیۆنی ئەرجەنتینی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەمجارەش نەیتوانی گرێکوێرەی بارسا لەسەر یاریگەکانی یانە کەتەلۆنییەکە بکاتەوە، کە هەرگیز لەنێو یاریگەی بارسێلۆنادا لێینەبردووەتەوە.