ڤیدیۆ؛ مۆرینیۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئۆڵدترافۆرد

رووداو ـ هه‌ولێر

 ئەمڕۆ ئۆڵدترافۆرد باوەش بۆ یەکێکی دیکە لە هاوڕی کۆنەکانی دەکاتەوە، بەڵام روون نییە هاندەران پێشوازییەکی شاهانە لەو میوانە دەکەن یاخود بە نابەدڵییەوە بەخێرهاتنی دەکەن.

ئەم دیدارەی ئەمڕۆ خۆزێ مۆرینیۆ دەباتەوە هەوارە کۆنەکەی یاری نێوان مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهامە لە ئۆڵدترافۆرد، ئەم یارییە کاژێر 22:30 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

با لە یانەی خاوەن یاریگاوە دەستپێبکەین، سۆلشایەر ئەمساڵ ئاست و ئەنجامی یانەکەی بەرچاونییە، هەڕەشەی دوورخستنەوەشی لەسەرە، هەرچەندە ئەو دەڵێت لە دوورخستنەوە ناترسم، بەڵام ئەم ئەنجامانە بۆ یانەیەکی وەکو مانچێستەر یونایتد قابیلی قبووڵ نییە، لەبەر ئەوە بردنەوە لەم یارییە و یارییەکانی داهاتووی تەنیا هۆکارن بۆ ئەوەی سۆلشایەر بهێڵنەوە، ئەگەرنا ئەویش دەبێتە یەکێک لە راهێنەرە دەرکراوەکانی پرێمەرلیگ، لە هەمووی ناخۆشتر بۆ ئەو رەنگە لەسەر دەستی مۆرینیۆ دووربخرێتەوە ئەگەر یارییەکە بدۆڕێنێت، چونکە پێشتر ئەو هاتووەتە سەر کورسییەکەی مۆرینیۆ.

مانچێستەر سەرەڕای ئەوەی ئەرکی قورسە، هەشت یاریزانی یانەکە پێکانیان هەیە، دیارترینیان پۆگبا، ماتیچ و مارسیالن، ئەمە بۆ سوورپۆشەکانی مانچێستەر خراپترین هەواڵە، ئاخر ئەم یاریزانانە نەبن بردنەوە کەمێک زەحمەت بەدەستدێت.

بۆ تۆتینهام ئەم یارییە لە هەر یارییەکی دیکە زیاتر گرنگی خۆی هەیە، سپێرز ئەگەر یارییەکە بباتەوە زیاتر یانەکەی لە بیگ فۆر نزیک دەکاتەوە، مانچێستەریش یەکێکە لە رکابەرەکانی و دەبێت تێیپەڕێنێت، بۆ ئەمەش مۆرینیۆ چەکی سۆن و ئالی و کەینی هەیە، حساباتێکی دیکەش هەیە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە دەگەڕێتەوە یانەکە کۆنەکەی و دەبێت بۆیانی بسەلمێنێت کە هەڵەیان کردووە دەستبەرداری بوون.

لەگەڵ هاتنی مۆرینیۆ بۆ تۆتینهام، ئێستا ئەو یانەیە وەکو یەکێکە لە بەهێزترین یانەکانی پرێمەرلیگ سەیر دەکرێت، چونکە هەمووان دەزانن پلانەکانی مۆرینیۆ چین و چۆنن و ئەوان درکیش بەوە دەکەن کە سپێشەڵ وەن ئەرکی راهێنەرایەتی هەر یانەیەک وەربگرێت ئەو یانەیە دەبێتە یانەیەکی نموونەیی و یەکێک دەبێت لە بەهێزترین یانەکان.