گواردیۆلا تووڕەیە


رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، تووڕەیی خۆی لەبارەی دۆخی تیپەکەی و یارییەکانی پرێمەرلیگ و پاڵەوانێتییە نێوخۆییەکانی بەریتانیا دەربڕی.
 
مانچێستەر سیتی، رۆژی شەممە، پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگی لەدەستدا، پاشئەوەی بە بۆرنمۆس دۆڕا 2 - 1 و شوێنی خۆی بۆ لیڤەرپوول چۆڵکرد.
 
چەند رۆژێک بەر لەو شکستە، مانچێستەر سیتی، ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی کاراباو کەپ کرد، پاشئەوەی بەتۆتێنهام هۆتسپێر دۆڕا بەهەمان ئەنجام.
 
شکستی بەدوای یەک، لەو رووداوە ئاساییانە نین کە لە ژیانی پێپ گواردیۆلا و مانچێستەر سیتیدا روودەدەن، بەڵام ژمارەی زۆری یاریزانە پێکراوەکانی یانەکە، کاریگەریی گەورەی لەسەر توانای تیپەکە دروستکردووە.
 
مانچێستەر سیتی، بەدەست پێکرانی ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت، لە نێویاندا رۆدری براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، هەروەها ئۆسکار پۆپی نەرویجی کە لە قاچیدا تووشی شکان بووە، ئەمە جیا لە جاک گریلیش، رۆبین دیاز، کیڤن دیبرۆین و ساڤینیۆی بەرازیلی، کە نزیکن لە گەڕانەوەی یەکجاری بۆ پێکهاتەی یانەکە.
 
پێپ گواردیۆلا، قسەی بۆ رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی کردووە لەبارەی دۆخی تیپەکەیەوە کە ئێستا کێشەی زۆری هەیە.
 
ئەو دەڵێ، "لە وەرزەکانی رابردوودا زۆر یارییماندەکرد، تەنانەت هەندێکجار وەک وەرزی رابردوو، بەشداریمان لە مۆندیالی یانەکانیشدا دەکرد".
 
هەروەها دەڵێ، "وەک خولی ئێن بی ئەیمان لێهاتووە، لە وەرزێکدا 70 یاریی دەکەین، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە، ئەوان چوار مانگ پشوویان هەیە، کەچی پشووەکانی ئێمە تەنیا سێ هەفتەیە، هەرلەبەرئەوە هەر وەرزێک، درێژەپێدەری وەرزی رابردووە بەبێ پشوو".
 
پێپ پێشبینی پێکرانی زیاتری یاریزانانی کردووە، دەڵێ، "کاتێک ئەوە دەبینی کە روودەدات، ئیدی پێشبینی پێکرانی زیاتری یاریزانان دەکەیت".
 
راهێنەری مانچێستەر سیتی، پەسنی تواناکانی هەندێک لە یاریزانەکانی داوە کە کاری زۆر دەکەن بۆ ئەوەی تیپەکە دووچاری داڕووخانی زیاتر نەبێت. ئەو دەڵێ، هەندێک یاریزانمان هەن وەک ئاکانجی و ئاکێ، کە هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی لە یارییەکاندا ئامادەبن".
 
سیتی جیا لە پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ، کاراباو کەپ و فا کەپ، تیپەکە هاوینی داهاتوو بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات لە ڤێرژنە نوێیەکەیدا کە ژمارەی یارییەکانی زۆر زیاترە، هەروەها جیا لەوەش یانەکان بەدەست زۆربوونی ژمارەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگەوە دەناڵێنن.