ریال مەدرید وەڵامی دەنگۆکانی تایبەت بەڕۆیشتنی ڤینیسیۆس دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیاریداوە دەنگۆکانی تایبەت بەڕۆیشتنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یانەکە پشتگوێ نەخات و چارەنووسی ئەو یاریزانە یەکلایی بکاتەوە.
 
ڤینی 24 ساڵ، تاوەکو 2027 گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە، لەگەڵ بوونی مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەن بەبڕی یەک ملیار یۆرۆ.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یانەی هیلالی سعودی هاوینی رابردوو بڕی 500 ملیۆن یۆرۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینی خستووەتە روو، لەگەڵ بڕی یەک ملیار یۆرۆ بۆ ڤینی وەک مووچە و پاداشت بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، هیلال دەستەوارەکەی نەداوەتە ریال مەدرید، بەڵام نوێنەرانی یانەکە بەنوێنەرەکانی ڤینیسیۆسیان گوتووە و ئەوانیش لای خۆیانەوە ریال مەدریدیان لێ ئاگادارکردووەتەوە.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، یانەکانی پاریس سانجێرمان، چێڵسی و مانچێستەر یونایتد هەمان ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆسیان هەیە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە هێشتا لە شۆکی لەدەستدانی باڵۆن دۆردایە و لە دۆخی گشتیی تۆپی پێی ئیسپانیا نیگەرانە.
 
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت دەست بەئەستێرەکەیەوە بگرێت، هەر بۆیە بڕیاریداوە لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ نوێنەرانی ڤینیسیۆسدا کۆببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێیەکە.
 
ریال مەدرید لای خۆیەوە بڕیاریداوە بەزوویی گرێبەستی ڤینی نوێبکاتەوە و ئامادەیە مووچەکەی بۆ زیاد بکات، لە کۆبوونەوەکەدا دەیانەوێت هەڵوێستی نوێنەرەکانی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە بزانن لەبارەی بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکە.