ئەمشەو ماراکانا گڕ دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 یاریگەی ماراکانا دەبێتە گۆڕەپانی 63ـەمین یاریی کۆتایی جامی لیبەرتادۆرێس کاتێك بۆکا جۆنیۆرز رووبەڕووی فلومینێنسێ دەبێتەوە.
 
دوای ئەوەی دوایین سێ یاریی کۆتایی جامی لیبەرتادۆرێس لە نێوان دوو تیپی بەرازیلیدا بووە، دوای سێ ساڵ ئەمشەو بۆ یەکەمین جار دوو وڵاتی جیاواز رکابەری بەدەستهێنانی جامەکە دەکەن کاتێك بۆکا جۆنیۆرزی ئەرجەنتینی و فلومینێنسێی بەرزیلی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
مێژووی ئەم دواییەی بۆکا جۆنیۆرز لە جامەکەدا پڕە لە بێئومێدی. ساڵی 2012، لە یاریی کۆتاییدا جامەکەی بە یانەی کۆرنسیانسی بەرازیلی دۆڕاند. دوای شەش ساڵ، لە یارییەکی پڕ لە کێشە و ئاژاوەدا، بۆکا جامەکەی بە ئەنجامی 5-3 بە ریڤەرپلێتی رکابەری مێژوویی یانەکە دۆڕاند. رکابەرییەکەی نێوان ئەو دوو یانەیە بەشێوەیەك بەهێز بوو کە یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای لاتین ناچار بوو بڕیار بدات کە یاریی گەڕانەوە لە مەدرید ئەنجام بدرێت بەهۆی ئەو کێشە و ئاژاوانەی لە پێش یارییەکە لە بۆینس ئایرس روویاندا.
 
لەم ساڵدا، لە یاریی پێش کۆتایی جامەکەدا بۆکا جۆنیۆرز رووبەڕووی پاڵمێراسی بەرازیلی بووەوە. پاڵمێراس بە یەكێك لە پاڵیوراوەکان دادەنرا بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بە تایبەتیش کە یانەکە توانی لە ساڵانی 2020 و 2021 جامەکە بباتەوە. 
 
یاریی یەکەم لە یاریگەی لابۆمبۆنێرا لە ئەرجنتین بەڕێوەچوو و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. دواتر لە یاریی گەڕانەوەدا لە بەرازیل، یارییەکە گەیشتە لێدانی یەکلاکەرەوە و بۆکا جۆنیۆرز بە ئەنجامی 4-2 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی لیبەرتادۆرس. 
 
ئەمە 12ـەمین جارە بۆکا جونیۆرز دەگاتە یاریی کۆتایی جامەکە، ئەمە ژمارەی پێوانەییە و هیچ یانەیەکی دیکە نەیتوانیوە پێی بگات. لەو 11 یارییە کۆتاییەی ئەنجامی داوە، بۆکا شەش بردنەوەی هەیە لە نێوان ساڵەکانی 1977 بۆ 2007 و پێنج جاریش شکستی هێناوە.
 
فلومینێنسێ دوای 15 ساڵ چاوەڕوانی جارێکی دیکە توانیان بە یاریی کۆتایی جامەکە بگەن. یانە بەڕازیلییەکە تەنیا یەك جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی کاتێك لە ساڵی ساڵی 2008 رووبەڕووی یانەی لیگا دێ کویتۆ بووەوە و یارییەکەی بە لێدانی یەکلاکەرەوە پێدۆڕاند. فلومینێنسێ لە جامی لیبەرتادۆرس مێژوویەکی دەوڵەمەندی نییە، بەڵام بردنەوەی ئەم یارییە دەکرێت دەستپێکێکی باش بێت بۆ گۆڕینی ئەو مێژووە. 
 
یانەکە لە یاریی پێش کۆتاییدا رووبەڕووی یانەی ئینتەرناسیۆنالی بەرازیلی بووەوە. یاریی یەکەمی نێوانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایی هات. لە یاریی دووەمدا، فلومینێنسێ توانی لە 10 خولەکی کۆتایی یاریییەکەدا دوو گۆڵ تۆمار بکات و یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبێنێت و بۆ یاری کۆتایی سەربکەوێت. 
 
ئەم یارییە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بە هۆی ئەوەی تیپی براوە نوێنەرایەتی ئەمریکای باشوور دەکات لە جامی جیهانی یانەکان کە لە مانگی 12 لە سعودیە بەرێوەدەچێت. لە کۆی دوایین 18 یاریی کۆتایی جامەکەدا پاڵەوانی ئەمریکای لاتین و پاڵەوانی ئەوروپا 12 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت براوەی جامی لیبەرتادۆرێس رووبەڕووی مانچێستەر سیتی پاڵەوانی ئەوروپا ببێتەوە لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکان.