ڤیدیۆ؛ بنزیما و هاوڕێکانی بەر لەوەی بێنە هەولێر دۆڕان

رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئیتیحادی سعودی بەر لەوەی گەشتی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی جەوییەی عێراقی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، دووچاری شکستێکی نوێ بووەوە و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی شەباب دۆڕا.
یارییەکە لە گەڕی دوانزدەمی خولی رۆشنی سعودیە بوو، و لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی شا فەهد لە ریاز بەڕێوەچوو.
تاکە گۆڵی یارییەکە لە خولەکی 14 لەلایەن کارلۆس جونیۆری هێرشبەری بەرازیلی یانەی شەبابەوە تۆمارکرد، دوای ئەوەی سوودی لە پاسێکی جوانی هاوڕێکەی، فەواز ئەلسەقور وەرگرت.
یانەی ئیتیحاد زۆر هەوڵیدا ئەنجامی یارییەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی کەریم بنزیما و ئینگۆلۆ کانتێ و هاوڕێکانیان بێسوود بوون، و یارییەکە بە سەرکەوتنی شەباب کۆتاییهات.
ئەم دۆڕاندنە گوشارەکانی لەسەر نونۆ سانتۆی راهێنەر ئیتیحاد زیادکرد، دوای زنجیرەیەک ئاست و ئەنجامی خراپ، کە پاڵەوانی وەرزی رابردووە، و ئێستا تیپەکەی لە پلەی شەشەمی ریزبەندیدایە و 21 خاڵی هەیە. هاوکات شەباب 15 خاڵی هەیە و پلەی نۆیەمی ریزبەندیی گرتووە.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی یانە سعودییەکە بگاتە هەولێر، بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە لە چوارچێوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یانەی جەوییەی بەغدادی ببێتەوە.