ڤیدیۆ؛ کلاسیکۆی ئەڵمانیایە و سینگاڵ ئیدۆنا پارک گڕدەکرێت

04-11-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
هاندەرانی دۆرتمۆند
هاندەرانی دۆرتمۆند
نیشانەکردن بۆندێسلیگا دێر کلاسیکێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سیگناڵ ئیدۆنا پارک، دەبێتە شانۆی یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزەی بۆندێسلیگای ئەڵمانیا، کاتێک بۆرووسیا دۆرتمۆند میوانداریی بایرن میونشن دەکات، لەو یارییەدا کە ئەڵمانەکان بە دێر کلاسیکێر ناویدەبەن.
 
بەر لە دێر کلاسیکێر، دۆرتمۆند و بایرن هیچ یارییەکیان لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا نەدۆڕاندووە و ئەو دوو تیپە هاوشێوەی بایرلیڤەرکوزنن کە تاوەکو ئێستا بەبێ دۆڕان لە خولەکەدا ماونەتەوە.. دۆرتمۆند هیواخوازە یەکەم شکستی بایرن لە وەرزی ئەمساڵدا، لەسەردەستی ئەو و لەنێو سیگناڵ ئیدۆنا پارک بێت.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند کە لە هەفتەی دووەمی وەرزی رابردووەوە لە نێو یاریگەی خۆیدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و هێشتنەوەی ئەو تۆمارە بەبەردەوامی، پاڵ بە ئێدین تێرزیچ و یاریزانەکانییەوە دەنێت، بۆ ئەوەی ئەمشەو ئاستێکی نموونەیی لە بەرامبەر بایرندا پێشان بدەن.
 
دۆرتمۆند ئەگەرچی وەرزی رابردوو لەهەمان یاریدا بە دوو گۆڵ لەگەڵ رکابەرەکەی یەکسانبووە، بەڵام ئەوە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە لە ساڵانی نزیکی رابردوودا، بایرن میونشن باڵادەستییەکی گەورەی بەسەر دێر کلاسیکێردا هەیە و دوا سەرکەوتنی دۆرتمۆند بەسەر بایرن، لە جامی سوپەری ئەڵمانیای 2019 بوو.
 
بایرن میونشن ئەگەرچی لە شکستێکی لەناکاوەوە لە جامی ئەڵمانیا هاتووەتە دەرەوە، بەڵام تۆماس توخێل و یاریزانەکانی نایانەوێت، ئەو دۆڕانە لەناکاوە رەنگدانەوەی لەسەرئاستی تیپەکە لە یارییەکەدا هەبێت، بەڵکو هەندێک میدیای باڤاری باس لە پەرچەکرداری تووڕانەی بایرن بەرامبەر ئەو شکستە دەکەن لە یارییەکەی ئەمشەودا.
 
میونشن لە دوایین پێنج سەردانیدا بۆ یاریگە پڕ جۆشوخرۆشەکەی ئیدۆنا پارک، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە. تیپەکە چاوی لە درێژەدان بەئەنجامە باشەکانیەتی لە وەرزی ئەمساڵی بۆندێسلیگا کە پێدەچێ رکابەریی تێیدا لە وەرزەکانی پێشوو زەحمەتتر بێت، لەسایەی ئاستی باشی لیڤەرکوزن و ئەنجامە باشەکانی شتوتگارتیش کە تاوەکو ئێستا لە نۆ گەڕدا، حەوت بردنەوەی بەدەستهێناوە.
 
بایرن ئەمشەو لە تواناکانی ئۆپامیکانۆ و دی لێختی بەرگریکەران بێبەش دەبێت بەهۆی پێکانەوە و کیمیچیش بەهۆی راگرتنەوە یاریی ناکات. توخێل لە هێڵی بەرگریدا کێشەی بەرچاوی هەیە، بەڵام ناچارە بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەویستی هێرشبەرییانەی زۆرەوە داخڵی یارییەکە بێت، بۆ ئەوەی خۆی لە سوپرایزی بۆرووسیا دۆرتمۆند بپارێزێت.
 
دێر کلاسیکێر دەتوانێ ئەوە یەکلابکاتەوە لە نێوان دۆرتمۆند و بایرندا، کێ ئامادەترە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی رکابەریی لەسەر نازناوی خولەکە لە وەرزی ئەمساڵدا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە