دێر کلاسیکێر به‌رێوه‌ده‌چێت

04-11-2017
رۆژان عەبدلرەحمان
 بوندسلیگا
بوندسلیگا
نیشانەکردن ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو -هه‌ولێر 

لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی یازدەی خولی بوندسلیگای ئەڵمانیا یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بە ئامانجی بردنەوەی یەکەم یاریی دوای سێ یاری و یەکسانکردنەوەی خالەکانی لەگەڵ بایرن میونشن میوانداریی یانەکە دەکات، دۆرتموند لە چەند هەفتەی رابردوودا ئاستێکی خراپی پێشکەشکردووە و دەیەوێت بەبردنەوەی لە باڤارییەکان بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان.

لەژێر ناونیشانی گەڕانەوە بۆ بردنەوەی یارییەکان یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە یاریی دێر کلاسیکێردا میوانداریی یانەی بایرن میونشنی رکابەری هەمیشەیی دەکات لەگەڕی 11ی بوندێسلیگا.

دۆرتموند لەنێو یاریگە و هاندەرانی دوو ئامانجی هەیە، یەکیان بردنەوەی یەکەم یارییە دوای سێ یاری لە خولەکەدا و دووەمیش یەکسانکردنەوەی خاڵەکانی لەگەڵ بایرنی پێشەنگی خولەکە، کە پێناچێت یاریگە و هاندەرانیش هێندە ئەرکی زەردەواڵەکان لەبەرامبەر باڤارییەکان ئاسان بکەن، بەتایبەت کە دۆرتموند ئاستی دابەزیووە و نەک هەر لە ئەڵمانیا بەڵکو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاش ئاستێکی ئەوتووی پێشکەش نەکردووە.

ئەمە لە بایرن میونشن پێچەوانە دەبێتەوە، کاتێک ئەو یانەیە دوو گەڕ پێشکۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکان خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ و لە بوندسلیگاشدا یانەکە سێ یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە و لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و نایەوێت تووشی دووەم شکست بێت، بەپێچەوانەوە یانەکە چاوی لەوەیە جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ دۆرتموند بۆ شەش خاڵ بەرزبکاتەوە و هەر خۆی سەر تۆپی یانەکانی ئەڵمانیا بێت کە ئەگەر ئەمە رووبدات گرتنەوەی بایرن بۆ رکابەرەکانی ئەستەم دەبێت.

مێژووی دێر کلاسیکێر بە هەموو پێوەرەکان لە بەرژەوەندی باڤارییەکاندایە، بەڵام دۆرتموند بێ گەڕانەوە بۆ مێژوو هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و خاڵەکانیشی لەگەڵ بایرن هاوتا بکاتەوە و زیاتر لە رکابەرییەکە دوورنەکەوێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە