ریال مەدرید کەوتووەتە داوی 5 ژنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەستێرەکانی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی باشترین رۆژەکانی خۆی بەخۆیەوە نابینێت، بەتایبەتی دوای دۆڕاندنی بە یانەی لیلی فەرەنسی، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە دوای 14 یاریی کە تێیدا تامی دۆڕانی نەکردبوو، تووشی یەکەم شکست بوو، کە یانەی شاهانە لەو یارییەدا بەرامبەر یانە فەرەنسییەکە لاواز دەرکەوت.
 
ریال مەدرید دوای ئەوەی بەبردنەوەی لە یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی، کاروانی پاڵەوانێتییەکەی دەستپێکرد، لە دووەم یارییدا 3 خاڵی لەدەستدا.
 
لەسەر ئاستی خولی ئیسپانیاش، تیپەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ تاوەکو ئێستا 8 یاری ئەنجامداوە، 5 یاری بردووەتەوە و لە 3 یاریشدا یەکسان بووە.
 
هاندەران هۆکاری دابەزینی ئاستی تیپەکەیان بۆ سەرقاڵبوونی یاریزانانی بە کاروباری دەرەوەی یاریگا دەگەڕێننەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر لایەنی هزرییانەوە هەبووە، کە دیارترین یاریزانەکانی تیپەکە کەوتوونەتە داوی 5 خانمی جوانەوە، و هەموو هزر و هۆشیانیان لێ سەندووەتەوە، کە ئەوان ئەوەندەیان هزریان لە دەرەوەی یاریگەیە، ئەوەندە سەرنجیان لەسەر یاریگە و یارییەکانیان نییە.
 
ئێندریک و خۆشەویستەکەی
 

لەو کاتەوەی ئێندریک فیلیپی ئەستێرەی بەرازیلی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، ئەو یاریزانە زۆر جێی سەرنج بووە، بەڵام بەهۆی ئاستەکەیەوە نییە، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر خولەک بەشداری ناکات، بەڵکو بەهۆی هاوڕێ کاریگەرەکەیەوەیە لە سۆشیال میدیادا، گابرێل میراندای تەمەن 19 ساڵ. کە بەمدواییە بوو بە هاوژینی ئێندریک، و بەفەرمی هاوسەرگیرییەکەیان راگەیاند و وێنەکانیان لە رێگەی ئەکاونتەکانیانەوە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکردەوە.
 
گابرێل میراندا، خۆشەویستەکەی ئێندریک، سەرنجەکانی لێ دزیوە و بووەتە بابەتی سەرنجڕاکێش لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا، بەتایبەتی کە دوای هەموو یارییەک پشتگیری لە ئێندریک دەکات و لە زیاتر لە بۆنەیەکدا وێنەی خۆی بڵاودەکاتەوە کە درێسی یانەی شاهانەی لەبەردایە.
 
هەروەها، سەرنج و قسە و باسەکان هەمیشە لەسەر ئەوانن بەهۆی "گرێبەستی پەیوەندی خۆشەویستی" نێوانیان و بڕگە سەیرەکانی، کە لە سەرەتای یەکدی ناسینیاندا لەنێوان خۆیاندا واژۆیان کردووە، و هەندێک مەرج بەسەر ئێندریکدا دەسەپێنێت.
 
ئێندریک هەمیشە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا لەگەڵ هاوژینە نوێیەکەی، گابرێلی تەمەن 21 ساڵ دەردەکەوێت، کە 3 ساڵ لە خۆی گەورەترە.
 
بەم هەموو ژاوەژاوە، هێرشبەرە بەرازیلییەکە بوو بە بچووکترین یاریزان لە مێژووی ریال مەدریددا، کە لە چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ ریال مەدرید بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، دوای ئەوەی لە تەمەنی 18 ساڵ و 76 رۆژیدا بەرامبەر لیل بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا کرد.
 
یاریزانە لاوە بەرازیلییەکە ریکۆردی رائول گۆنزالێزی کاپتنی پێشووی یانەکەی شکاند، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1995 بەرامبەر ئەیاکس ئەمستردام، لە تەمەنی 18 ساڵ و 78 رۆژیدا بەشێوەی سەرەکی یاری کرد.
 
 

رۆدریگۆ و خۆشەویستەکەی
 
رۆدریگۆی یاریزانی بەرازیلی لەم دواییانەدا 150ـەمین یاریی خۆی لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەنجامدا، ئەمەش لە چوارچێوەی گەڕی هەشتەمی رکابەرییەکان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش وادیاربوو لەم دواییانەدا دوورە لە ئاستی خۆی، کە بەئاشکرا ناڕەزایی خۆی دەربڕی، بەهۆی دوورخستنەوەی لە لیستی ناوی بەربژێرانی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024.
 
بەڵام ژیانی تایبەتی ئەستێرە بەرازیلییەکە لە دەرەوەی یاریگاش لەم دواییانەدا زۆر سەرنجی خراوەتە سەر، کە تاوەکو ساڵی رابردوو پەیوەندی لەگەڵ لوانا ئاتێکی کچە بەنێوبانگەکەی سۆشیاڵ میدیا هەبووە. بەڵام دوای جیابوونەوەکە پەیوەندییەکی دیکەی لەگەڵ کچێکی دیکەی بەنێوبانگی بەرازیلی بە ناوی برۆنا رۆتا پێکهێناوە.
 
رۆتا کچە مۆدێلێکی تەمەن 25 ساڵە و لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیادا چالاکە و زیاتر لە 60 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە لە تیک تۆک و زۆر گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە راهێنانەکانی لەشجوانی بڵاودەکاتەوە.
 

کچە هاوڕێی ڤینیسیۆس جونیۆر
 
کاتێک ناوی ڤینیسیۆس جونیۆر دەهێنرێت، بەدڵنیاییەوە نەک هەر جوڵە و بڕینە بەرازیلییەکانی و لێهاتووییەکانی بەبیرمان دێنەوە، بەڵکو باسی قەیران و کێشە بەردەوامەکانی لەگەڵ هاندەران دەکرێت کە بەئەنقەست وای لێدەکەن هەست بە نائارامی بکات بەهۆی رەگەزپەرستییەوە، کە هەر کاتێک ئەوە روویدا، یاریزانەکە تووڕە دەبێت و سەرنجی خۆی لەدەست دەدات و گلەیی لە ناوبژیوانان دەکات، تا ئەو راددەیەی کە لەم دواییانەدا داوایکرد مافی میوانداری و رێکخستنی مۆندیال لە ئیسپانیا وەربگیرێتەوە بەهۆی بوونی رەگەزپەرستی لە یاریگاکانیدا، ئەمەش ئیسپانییەکانی تووڕەکرد بە هاندەرانی ریال مەدریدیشەوە، کە هەڵمەتێکی گەورەیان لەدژی دەستیپێکرد وەک رەخنە لە لێدوانەکانی ئەو.
 
لە دوایین یاری لەگەڵ ریال مەدرید، ڤینیسیۆس سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی 90 خولەک یاریی کرد، ئاستێکی وەک چاوەڕوانکراوی پێشکەش نەکرد، بەو پێیەی لەسەر 10 نمرە تەنیا 7.1 نمرەی وەرگرت، هەروەها 4 لێدانی ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر کرد، و تەنیا دووانیان لەنێو هەرسێ ستوونی گۆڵەکە بوو.
 
لەم دواییانەدا، بەتایبەتی لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، ڤینیسیۆس لەگەڵ کۆرینا سمیس، مۆدێل و گۆرانیبێژ و ئەکتەری ڤەنزوێلی بینرا، لەکاتێکدا بەشداری ئاهەنگێکیان دەکرد لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
 

کچە هاوڕێی ئێمباپێ
 
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی ریال مەدرید، لەم دواییانەدا لەگەڵ یانەی شاهانە قۆناخێکی نایابی بەسەربردووە، دوای ئەوەی چەند گۆڵێکی بۆ مێرێنگێ تۆمارکرد و سەرکەوتنی بە تیپەکە بەخشی، پێش ئەوەی بەم دواییە لە یارییەکەی بەرامبەر ئالاڤێس تووشی پێکان ببێت و لە مەدرید دووربکەوێتەوە و بەشداری یاریی دێربیی مەدریدی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید نەکرد، دواتر گەڕایەوە بۆ ئەوەی لە کورسی یەدەگەوە بەشداری بکات بەرامبەر لیلی فەرەنسی، بەڵام ئەو نەیتوانی یارمەتی تیپەکە بدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەنجامەکە کە بە گۆڵێک لەدواوە بوو، و هەر بەو تاکە گۆڵەش دۆڕان.
 
ژیانی ئەو یاریزانەش دوور لە لاکێشەی سەوز بەم دواییانەدا تیشکی خرایە سەر، دوای ئەوەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکرد کە یاریزانەکە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئەو مۆدێلە بەناوبانگەدا کردووە، کە ناوی دانی گرەیس ئەلمێیدایە، دوای ئەوەی لە مەیامی ئەمریکا لە شوێنی گشتی لەگەڵیدا دەرکەوت.
 
بەگوێرەی گۆڤاری Page Six، سەرچاوەیەک بڵاویکردووەتەوە، ئەو دووانە لە چەند شوێنێکی شاری مەیامی ئەمریکی بینراون، کە کاتەکانیان پێکەوە بەیاری بۆلینگ بەسەربردووە.
 
 

کچە هاوڕێی بێلینگهام
 
هەروەها ئەستێرەی ئینگلیزی، جود بێلینگهام باشترین رۆژەکانی لەگەڵ ریال مەدرید بەسەرنابات.
 
بێلینگهام لەم وەرزەدا گۆڵی زۆری تۆمارنەکردووە، بەو پێیەی دوای چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید تا راددەیەک دوور لە ناوچەی سزا یاری دەکات، تەنانەت دوای ئەوەی ئێمباپێ بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەنەبوو، یاریزانە ئینگلیزەکە نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات، هەروەها بەرامبەر لیل ئەو کاریگەرییەی نەبوو کە وەرزی رابردوو لەو یاریزانە بینیمان.
 
لە وەرزی رابردووی 2024-2023، بێلینگهام 19 گۆڵی لە لالیگا تۆمارکرد، لەنێویاندا 8 گۆڵ لە 9 یاریی یەکەمیدا بوون.
 
لەنێو دۆخێکی ناڕوونیدا سەبارەت بە ژیانی خۆشەویستی جود، ناوی ئەو ئەستێرە ئینگلیزییە پەیوەست بوو بە کچە مۆدێلی هۆڵەندی لۆرا سیلیا فالکەوە، کە تەمەنی 25 ساڵە، بەو پێیەی باس لەوە دەکرا کە لەگەڵیدا پەیوەندی سۆزداریدا بوون، بەڵام دوای ماوەیەک ئەوە ئاشکرابوو کە ئەم بابەتە راست نییە و چیرۆکەکە تەنیا پڕوپاگەندە بووە، کە لەلایەن کۆمپانیای بەرپرسیار لە خانمە مۆدێلەکە دروستکراوە.
 
لەنێو هەموو ئەم قسانەدا، ناوی یاریزانەکە بەهاوبەشی لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ئەمریکی، کیم کارداشیان دێت، کە بێلینگهامی کردووە بە باڵیۆزی براندی بازرگانی خۆی لە گرووپی SKIMS.
 
هەروەها لەم دواییانەدا لە وێنەیەکی بەناوبانگدا لەگەڵیدا دەرکەوت لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ یاریگای مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید.
 
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش سەرسامیی کارداشیانیان بە بێلینگهام ئاشکراکرد، کە بەدڵنیاییەوە هەموو ئەم گفتوگۆیانە بەشێکی زۆری هزری یاریزانەکە دەبات و سەرنجی لە یاریگا دووردەخاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە