فیفا سوپرایزێک بۆ مێسی ئامادە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، بەشداری لە مۆندیالی یانەکان 2025 دەکات، کە لە مانگی حوزەیران و تەممووزی داهاتوودا لەلایەن ئەمریکاوە بە سیستمێکی نوێ و بەبەشداری 32 یانە میوانداری دەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا 30 یانە بەفەرمی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی یانەکان 2025 بەدەستهێناوە، هاوکات سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێتیی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) بلیتی ژمار 31ـی بە ئینتەرمەیامی داوە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالەکە، کە ساڵێک پێش مۆندیالی 2026 بەڕێوەدەچێت، کە ئەویش لەلایەن ئەمریکاوە بەهاوبەشی لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک میوانداری دەکرێت.
 
مۆندیالی یانەکان لەماوەی نێوان 15ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمموزی 2025 بەڕێوەدەچێت، کە تاوەکو ئێستا ناوی 30 یانەی بەشداربوو ئاشکرابووە، پاڵەوانی خولی ئەمریکا و پاڵەوانی ئەمریکای باشووریش پەیوەندییان پێوە دەکەن.
 
هەرچەندە ئینتەرمەیامی کە تاوەکو ئێستا لە پلەی یەکەمی خولی ئەمریکادایە، هێشتا نازناوەکەی بەدەستنەهێناوە، ئەمەش مانای وایە هێشتا گەرەنتی سەرکەوتنی بۆ مۆندیال نەکردووە، بەڵام فیفا سوپرایزێکی بۆ لیۆنێل مێسی ئامادەکردووە، و چاوەڕێی راگەیاندنی فەرمی دەکات بۆ بەشداریکردنی یانەی ئینتەرمەیامی لە مۆندیالی یانەکان.
 
دوێنێ ئینتەرمەیامی قەڵخانی هاندەرانی بردەوە، کە قۆناخی یەکەمە لە خولی پیشەگەری ئەمریکا، بەڵام زۆر لە هەواڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە یانەکەی مێسی یەکێک دەبێت لە 32 تیپی بەشدار لە  مۆندیالی یانەکان، کە بەدڵنیاییەوە ئەو پاڵەوانێتییە بە سیستم و وەشانێکی نوێوە سەرنجی هاندەرانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهاندا بۆ خۆی رادەکێشێت.
 
میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات و دووپاتیان کردەوە کە دەرفەتێک بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی ورووژێنەر لەنێوان کاپتنی ئەرجەنتینی و یانەی پێشووی پاریس سانجێرمان لەئارادایە، ئەگەر تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی یەکدییان بکاتەوە.
 
فیفا هەفتەی رابردوو لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، وادەی تیروپشکی مۆندیالی یانەکان، کە لەلایەن ئەمریکاوە میوانداری دەکرێت، مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو دەبێت.