خیسوس کاساس لە ترسی ئیسرائیل، عێراقییەکان نیگەران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانیی هەڵبژاردەی عێراق، لە هەپڤەیڤینێکی نوێدا، هاندەرانی عێراق نیگەران دەکات و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رایدەگەینێت کە لە عێراق ئاسوودە نییە.
 
پێدەچێت کاساس ئاسوودە نەبێت و بیر لە رۆیشتن لە عێراق و وازهێنان لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئەو وڵاتە بکاتەوە.
 
راهێنەری ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، وا نیشانیدا کە ترسی لەو بارودۆخە سیاسییە هەیە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی ئیسرائیل لەگەڵفەلەستین، ئێران و لوبنان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەو گوتی "دڵگرانم بە دۆخی ئێستای ناوچەکە، کە کەس لێی رازی نییە. قبوڵ ناکەم کوشتنی منداڵ و خێزان ببینم".
 
ئیسرائیل چەندجارێک بەئاشکرا رایگەیاندووە ئەگەر لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر خاکی ئەو و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، ناچارە لەنێو خاکی عێراقدا پێگەی دوژمنانی بە ئامانج بگرێت.
 
کاساس راشکاوانەتر، گوتی "نیگەرانی لەنێو خێزانەکەماندا هەیە، چونکە لە وڵاتێکی نزیک لە رووداوەکان دەژین".
 
ئەو راهێنەرە، کە هەڵبژاردەی عێراق بەسەرپەرشتی ئەو بەرەوپێشڤەچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، گوتیشی "عێراق زیانی زۆری بەدەست شەڕەکانەوە پێگەیشتووە، هیوای ئاسایش و ئارامی بۆ عێراق دەخوازم".
 
کاساس ئاماژەی بەوەشدا " لەوانەیە دەستەوارەی وام بۆ بێت نەتوانم رەتی بکەمەوە". سەرەڕای ئەوەش راهێنەرە ئیسپانییەکە، سەبارەت بە یاریی داهاتوویان لە پاڵەواتنەکانی مۆندیالی 2026، گوتی "هیوادارم بەهۆی دۆخەکەوە هیچ یاریزانێکمان تووشی کێشەی گەشت و فڕین نەبێتەوە و یاریی فەلەستینیش لە بەسرە ئەنجام بدەین".
 
ئەو گوتی "دڵنیام دەتوانین بگەینە مۆندیال، گرنگ نییە لای من بەپلەی یەکەم یان بەپلەی دووەم سەرکەوین، گرنگ سەرکەوتنە".
 
خیسوس کاساس، رەتیشیکردەوە هیچ کەسێک داویلێکردبێت عێراق جێبهێڵێت و گوتی "لە باڵیۆزخانەی ئیسپانیاوە هیچ هۆشدارییەکمان پێنەگەیشتووە عێراق بەجێبهێڵین".
 
هەندێک لە چاودێران ئەم لێدوانانەی کاساس بە مەترسی دەزانن و پێیانوایە ئەم قسانەی راهێنەرە ئیسپانییەکە ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کە راهێنەرەکە بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەوە بیر لە رۆیشتن لە عێراق دەکاتەوە. هەندێکی دیکەش تەنیا بە گوشارێکی دەزانن بۆ سەر یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ ئەوەی مووچەکەی زیاد بکات.