محەممەد سەڵاح موسڵمانانی جیهان تووڕە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە ئینستاگرام لەلایەن محەممەد سەڵاحی یاریزانی میسریی یانەی لیڤەرپوولەوە، شەپۆلێکی تووڕەیی موسڵمانانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و لە سۆشیاڵ میدیاوە هێرشێکی تووند لەلایەن عەرەب و موسڵمانانەوە کرایە سەر.
 
محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول، خەڵکێکی زۆری موسڵمانان و عەرەبی تووڕەکرد، دوای ئەوەی وێنەیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام بڵاوکردەوە.
 
رۆژێک دوای درەوشانەوەی بەرامبەر یانەی بۆلۆنیای ئیتاڵی لە چامپیۆنزلیگدا، سەڵاح وێنەیەکی خۆی لە ستۆری ئینیستاگرامەکەی بڵاوکردەوە، کە تەنیا شۆرتێکی کورتی لەبەردایە، و هەموو جەستەی دەرکەوتووە.
 
سەڵاح تەنیا بە شۆرتێکەوە لەبەردەم ئاوێنەدا وێنەی خۆی گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، کەچی هەوادارانی پێیانوایە ئەمە دەرچوونە لە سنووری ئایین و پڕەنسیپەکانی ئیسلام و بەوە تۆمەتباری دەکەن کە ئەو دەستبەرداری بنەما و بەهاکانی کۆمەڵگاکەی بووە.
 
ئەوانەی لە سەڵاح تووڕەن، پێیانوایە کەسێکی موسڵمان نابێت بەو شێوەیە زیادەڕوویی لە ئاشکراکردنی بەشێکی زۆری جەستەیدا بکات.
 
یەکێک بۆ محەممەد سەڵاحی نووسیوە "شەرم بکە، ئێمە تۆمان بە نوێنەری موسڵمانان دەزانی لە ئینگلتەرا و ئەوروپا، کەچی خەریکە دەبیتە نموونەیەکی خراپ و ناشیرین".
 
یەکێکی دیکەش بۆی نووسیوە "تۆ کەسێکی لە هەموو شتێکدا وازت لە هەموو بنەما و بەهاکانی کۆمەڵگا و ئایینەکەت هێناوە".
 
هەروەها یەکێکی دیکەش نووسیویەتی "کوڕم خۆت داپۆشە، کچانیش بەو شێوەیە خۆیان رووتناکەنەوە".
 

محەممەد سەڵاح، ئەم وێنەیەی بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە چامپیۆنزلیگدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی ناوازەی تۆمارکرد، کە گۆڵی دووەمی لیڤەرپوولی بەرامبەر بۆلۆنیا تۆمارکرد و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی لیڤەرپوولدا کە لە 5 یاری لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگدا لە یاریگای خۆیاندا گۆڵی تۆمارکردبێت.
 
هەروەها محەممەد سەڵاح ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی سەرکەوتوو بوو لە هاوکاریکردنی گۆڵی یەکەمی لیڤەرپوول بەرامبەر بۆلۆنیا، کە لەلایەن ماک ئالیستەری یاریزانی ئەرجەنتینییەوە تۆمارکرا و سەڵاح بووە خاوەنی زۆرترین ئەسیست لە مێژووی لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگدا، کە 14 ئەسیستە.