ڤیدیۆ؛ کەریم بنزیما بەردەوامە لە درەوشانەوە و گۆڵکردن

رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ئیتیحادی سعودی، جارێکی دیکە سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی نوێ و سێ خاڵی تازە.
 
لە گەڕی پێنجەمی خولی رۆشندا، یانەی ئیتیحاد بووە میوانی یانەی ئەخدوود لە نەجران و  بەردەوان بوو لە راوەدوونانی هیلالی پێشەنگی خولەکە، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە میواندارەکەی بردەوە.
 
گێمی یەکەم بەبێ گۆڵ لەنێوان هەردوو یانە کۆتاییهات، بەڵام لە گێمی دووەمدا کەریم بنزیمای فەرەنسی دوای پێنج خولەک لە دەستپێکی گێمەکە گۆڵی یەکەمی بۆ ئیتیحاد تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 67 مۆسا دیابی، هاوڕێ و هاونیستیمانی کەریم نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم بۆ ئیتیحاد، بەڵام پاولۆ ڤیتۆری، گۆڵپارێزی یانەی ئەخدوود بەلێهاتوویی خۆی نەیهێشت تۆڕی گۆڵەکەی بهەژێنرێت.
 
لە کاتێکدا کە یانەی خاوەن یاریگە هەوڵیدەدا گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات، حوسام عەواری یاریزانی جەزائیری خولەکێک پێش کۆتاییهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە گۆڵی دووەمی بۆ ئیتیحاد تۆمارکرد.
 
ئەگەرچی دوای ئەو گۆڵە، ئەخدوود لە کاتی زیادکراودا، توانی لە رێگەی ساڵح ئەلباسەوە گۆڵێک تۆماربکات، بەڵام یارییەکە بە سەرکەوتنی ئیتیحاد کۆتاییهات و ژمارەی خاڵەکانی بۆ 15 خاڵ بەرزکردەوە، کە هەمان ژمارەی خاڵەکانی هیلالی پێشەنگە، بەڵام یارییەکی کەمترە. لە کاتێکدا ئەخدوود بە 4 خاڵ پلەی پانزدەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە.
 
کەریم بنزیما، ئەستێرە و کاپتنی یانەی ئیتیحاد، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، ئەمساڵ گەڕاوەتەوە لووتکەی ئاستبەرزی خۆی و تاوەکو ئێستا لە 6 یارییدا 7 گۆڵی بۆ یانەی ئیتیحاد تۆمارکردووە.
 
بنزیمای فەرەنسی تاوەکو ئێستا دووەم باسترین گۆڵکاری خولی رۆشنە لەدوای ئەلیکساندەر میترۆڤیچی هێرشبەری سڕبیی یانەی هیلال، کە خاوەنی 8 گۆڵە و کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕیش 4 گۆڵی هەیە، کە وەرزی رابردوو گۆڵکاری خولەکە بوو.