سعودیە و ئێران لەسەر دووبارەکردنەوەی یاریی سپاهان و ئیتیحاد رێککەوتن

04-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی سپاهان یانەی ئیتیحاد چامپیۆنزلیگی ئاسیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ سعودیە گەیشتە رێککەوتن بۆ ئەوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی و ئیتیحادی سعودی، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە کاتێکی دیکەدا بکرێت.
 
بڕیاربوو یاریی نێوان هەردوو یانە لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە یاریگەی نەقش جهان لە ئەسفەهان بکرێت، بەڵام بەهۆی دانانی پەیکەری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەسەر رێڕەوەی هاتنی یاریزانان بۆ نێو یاریگە یانەی ئیتیحاد ئامادەنەبوو یارییەکە بکات و خۆی کشاندەوە.
 
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی هەردوو وڵات و کیشوەری ئاسیا دروستکرد و هاندەرانی تۆپی پێی ئێرانی نیگەرانکرد.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی رووداوەکانی ئەو یارییەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " سەبارەت بەوەی رۆژی دووشەممە لە یاریی نێوان یانەکەمان سپاهان و یانە سعودییەکە روویدا، پێمخۆشە خەڵکی بەڕێزمان بزانن کە من و وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پەیوەندی راستەوخۆدا بووین، پەیوەندی نێوان تاران و ریاز بە ئاراستەیەکی دروستدا بەرەو پێشەوە دەڕوات، و نابێت رێگە بدەین وەرزش ببێتە ئامرازێکی سیاسی لە دەستی هیچ لایەنێکدا."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەکەین لەسەر بنەمایەکی هونەری بڕیار لەسەر ئەم رووداوە بدات، رێککەوتنێک هەیە لە نێوان ئێمە و سعودیە لەسەر ئەوەی ئەم یارییە لە بەروارێکدا بەڕێوەبچێت کە هەردوو لایەن لەسەری رێککەوتوون."
 
پێشتر سەرۆکی یانەی سپاهان رایگەیاندبوو، کە ماوەی چەند ساڵێکە سێ پەیکەر لە یاریگەکەیاندا دانراون، چەندین یاریی نێودەوڵەتی لەو یاریگەیەدا کراون، هیچ یانەیەک کێشەی نەبووە و تەنیا یانەی ئیتیحاد داوایکردووە یارییەکە نەکرێت.
 
دوای ئەم رووداوانە، هەر زوو سەرپەرشتیاری یارییەکە گوتی "30 خولەکمان دایە بەرپرسانی یانەی سپاهان بۆ ئەوەی پەیکەرەکە لاببەن و یارییەکە بکرێت، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون هیچ شتێک بکەن، بەمەش ئیتیحاد رەتیکردەوە یارییەکە بکات و لە یاریگە چووە دەرەوە."
 
دوای بەجێهێشتنی یاریگە، شاندی یانە سعودییەکە راستەوخۆ چوونە شوێنی مانەوەیان و لەوێشەوە بۆ فرۆکەخانە و گەڕانەوە سعودیە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئەوەی لە یاریگەی سپاهان روویدا چاوەڕواننەکراو و چاوەڕواننەکراو بوو، رووداوەکانی یارییەکە دەدرێتە لیژنەی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون و بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی یارییەکەوە."
 
یانەی ئیتیحاد لەبارەی رووداوەکانی ئەو یارییەوە و ئەنجامنەدانی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " دوای گەیشتنی شاندی تیپەکەمان بۆ یاریگە لەلایەن سەرپەرشتیاری یارییەکەوە ئاگادارکراینەوە کە یارییەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەناچێت و دەتوانن یاریگە بەجێبهێڵن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە