ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێ 3 خاڵی گرنگ لە پۆرتوگال بهێنێتەوە

04-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پۆرتۆ بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە ئومێدی دووەم بردنەوەی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، بارسێلۆنا لە پۆرتوگال بەدوای سێ خاڵی ئەو یارییەیدا دەگەڕێت کە لەگەڵ پۆرتۆی پۆرتوگالی کۆیدەکاتەوە.
 
بۆ بارسێلۆنا، لە دوای دوو وەرزی لەسەریەک لە چوونە دەرەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، هەموو یارییەک کەشێک لە ترس بەسەر تیپەکەدا زاڵ دەبێت و رەواندنەوەی ئەو ترسە لە دڵی هاندەراندا بە پلەی یەکەم ئەرکی چاڤی هێرناندێزی راهێنەرە تاوەکو بەباشترین شێوە تیپەکەی بۆ یارییەکە ئامادە بکات.
 
ئەوەی کە ئومێدی گەورەی لای هاندەرانی بارسا دروستکردووە بۆ وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتییەکە، ئاسانیی ئەو کۆمەڵەیەیە کە یانە کەتەلۆنییەکە تێیدا دەردەکەوێت و هەمووان پێیانوایە ئیدی کاتی ئەوەیە بارسا گرێیەکەی دوو ساڵی رابردوو بکاتەوە و بەئاسانی خۆی بگەیەنێتە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
 
پێشبینیکراوە ئەمشەو چاڤی، کە تیپەکەی لە تواناکانی فرێنکی دی یۆنگی ناوەڕاستکار بێبەش دەبێت، پەنا بۆ ئەزموون و شارەزایی جواو فیلێکسی پۆرتوگالی ببات لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەیدا، لەپێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر تیپێکدا کە ساڵانێکی بەرچاو فیلێکس وەک یاریزانی بێنفیکا رووبەڕووی بووەتەوە.
 
جواو فیلێکس، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، گوتی "ئامانجی من گۆڵکردنە لە هەموو یارییەکدا، جا یارییەکە لەسەر یاریگەی دراگاو یان کامپ نو یان هەر شوێنێکی دیکە بێت. ئامانجم گۆڵکردنە لە هەموو یارییەکدا کە ئەنجامیدەدەم. لەوانەیە لێرە دۆخەکە کەمێک جیاواز بێت، چونکە بەرامبەر تیپێکی پۆرتوگالی یارییدەکەین و هاوڕێ و کەسوکارەکەم دەبینمەوە، بەڵام ئەمە تەنیا یارییەکی دیکەیە کە هەوڵی بردنەوەی تێدا دەدەین".
 
پۆرتۆ یاریی یەکەمی خۆی لە کۆمەڵەکەی چامپیۆنزلیگدا لە شاختار دۆنێسکی ئۆکراینی بردەوە و بەوەش ئامادەیی خۆی بۆ ململانێی بارسا لەپێناو گەیشتن بە پێشەنگی کۆمەڵەکە بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ پێشاندا، بەڵام ئەوەی ترسی دروستکردووە لە پۆرتۆدا بەرامبەر بارسا، مێژووی دووایین سەرکەوتنی یانە پۆرتوگالییەکەیە بەسەر بارسادا کە بۆ ساڵی 1985 دەگەڕێتەوە، جیا لەوەش، پۆرتۆ بەر لە یارییەکەی بارسا، بەرامبەر بێنفیکای رکابەری گەورەی لە خولی پۆرتوگالدا شکستی هێناوە.
 
یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر پۆرتۆ و دوور لە یاریگەی یانەکە، تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەبێت بۆ چاڤی و یاریزانەکانی لەپێناو دڵنیایی دان بە هاندەرەکانیان لەوەی کە خۆیان لە سیناریۆکانی دوو وەرزی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ دەپارێزن و دەتوانن بەئارامی بگەنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە