لە بێلینگهامەوە بۆ هەمووان لەبارەی مارادۆنا و ڤینیسیۆسەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

جود بێلینگهام، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دوای تۆمارکردنی گۆڵێکی سەرنجڕاکێش بەرامبەر یانەی ناپۆلی، رەتیدەکاتەوە خۆی بە دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا بەراورد بکات.
 
بێلینگهام لە یاریی شەوی سێشەممەدا لەنێوان هەردوو یانەی ناپۆلی و ریال مەدرید لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، گۆڵێکی جوانی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد کە هاوشێوەی ئەو گۆڵە بوو کە مارادۆنا لە مۆندیالی 1983 لە ئینگلتەرای کرد.
 
دوای یارییەکە بێلینگهام لەبارەی ئەو گۆڵەوە قسەیکرد و گوتی "یەکێکە لە جوانترین گۆڵەکانم بوو، بەرامبەر یانەیەکی گەورە و لە یاریگەیەکی گەورە."
 
ئەستێرە ئینگلیزییەکەی ریال مەدرید زیاتر گوتی "گۆڵێکی سەیر نەبوو، ئێمە لە کۆمەڵەکەدا لە بارودۆخێکی باشداین و گرنگە لەسەر ئەم ریتمە بەردەوامبین."
 
لەبارەی ئەوەی کە گۆڵەکەی هاوشیوەی مارادۆنا بوو، بێلینگهام لە وەڵامدا گوتی "هەندێک زیادەڕۆیی تێدایە، گۆڵێکی جوان بوو، کاتێک لە یوتیوب سەیرمکردەوە، بەڵام کوالێتی گۆڵەکەی مارادۆنا لەوەی من بەرزترە."
 
بێلی دەڵێت " من ویستم ستایلی خۆم یاریی بکەم لە جیاتی ستایلی مارادۆنا، بەتایبەت لە یاریگەی ئاوادا کە کەش و هەوایەکی وایان هەیە، بۆ ئێمە گرنگترین شت ئەوەیە بەباشی یاریی بکەین."
 
ئەستێرە لاوەکەی ریال مەدرید گوتی "متمانەم بە تواناکانم هەیە، بەڵام نەمدەزانی بەمشێوەیە نایابە دەردەکەوم، من متمانە بە ستافی راهێنەران و هاوڕێکانم هەیە کە بەهۆی منەوە ئێستا چێژ وەردەگرن."
 
لەبارەی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە پرسیار لە یاریزانە ئینگلیزییەکە کرا، بێلینگهام گوتی "ئەو نایابە، بەلای منەوە ئەو باشترین یاریزانی جیهانە، ئەو یەکێک لە بەهرەمەندترین ئەو یاریزانانەیە کە هاوڕێی منن، ئەو یارییەکانم بۆ ئاسان دەکات، بە خێرایی و بەهرەمەندییەکەی."
 
ریال مەدرید لە دووەم یاریی چامپیۆنزلیگدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی 3-2 لە یانەی ناپۆلیی بردەوە و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ.