سیستمی ڤار لە خولی نایابی عێراق بەکاردێت؟
رووداو - دیجیتاڵ
لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق هەوڵەکانی بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ڤار و کەمکردنەوەی هەڵەی ناوبژیوانان و گلەیی تیپەکانی لەنێو یاریگەکانی عێراق چڕکردووەتەوە.
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراق رۆژی 9ی ئەم مانگە دەستپێدەکەن، رۆژی پێنجشەممە 6/10 تیروپشکی خولەکە لە بەغدا رادەکێشرێت، لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی میدیایی کە مافی گواستنەوەی یارییەکانی وەرگرتووە لە هاوئاهەنگیدایە بۆ ئەوەی سیستمی ڤار بەکاربهێندرێت.
ئەرسەلان قادر، ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بەتۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەوڵێکی زۆر بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی ڤار لە خولی عێراقی هەیە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا میدیاییەی کە پەخشی یارییەکان دەکات کراوە، بەڵام هێشتا کارەکان نەبووەتە فەرمی".
بەردەوام لە خولی نایابی عێراق یانە بەشدارەکان گلەییان لە هەندێک بڕیاری ناوبژیوانان هەیە، وەرزی ئەمساڵ لیژنەی ناوبژیوانان بەر لە دەسپێکی وەرزی نوێ جەمال غەندوری ناوبژیوانی بەنێوودەنگی میسری هێنا و ماوەی هەفتەیەک نوێترین گۆڕانکاری یاساکانی ناوبژیوانانی بۆ ناوبژیوانانی عێراق روونکردەوە.
قادر زیاتر گوتی "بەکارهێنانی ئەم سیستەمە کارئاسانییەکی زۆرمان بۆ دەکات، بەڵام هەوڵێکی زۆری دەوێت تا شاشەی تایبەت و ئامێرەکان لەنێو یاریگەکاندا جێگیر دەکرێت و دەبێت بەشێک لە ئامێرەکانیش بکڕدرێن".
لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق هەریەک لە یانەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ لەگەڵ نەورۆز نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن.