رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستلەکارکێشانەوەی تەها قادر، راهێنەری تیپی خولی عێراقی یانەی هەولێر، یانەکە دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ چەند راهێنەرێکی بەناوبانگ کردووەتەوە و ئەیوب ئۆدیشۆ دیارترینیانە.
تەها قادر بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری زانستی راهێنان هەیە، وەرزی ئەمساڵ سەرکردایەتی یانەی هەولێری کرد لە سێ گەڕی رابردووی خولی نایابی عێراق لە دوو یاری تیپەکەی یەکسانبوو یارییەکیش دۆڕا، لە چەند رۆژی رابردوو راهێنەرەکەی یانەی هەولێر بڕیاری وازهێنانی لە کارەکەی بەشێوەیەکی فەرمی راگەیاند و خۆی بۆ دەستەی کارگێری یانەی هەولێر لە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێری نوێی یانەی هەولێر راگەیاند.
سەرچاوەیەک لە نێو دەستەی کارگێری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " تەها قادر وەک راهێنەری یانەی هەولێر کۆتاییهات، ئەو راهێنەرە وازی لە ئەرکەکەی هێناوە کە ئەمەیان روونە، ئێمە لەگەڵ ئەحمەد سەڵاح گفتوگۆمان کرد، بەڵام پێی گوتین دەبێت بیربکاتەوە، هەر بۆیە دوای ئەحمەد سەڵاح پەیوەندیمان بە ئەیوب ئۆدیشۆ کرد بۆ ئەوەی سەرکردایەتی یانەکەمان لە خولی عێراق بکات، بەڵام هێشتا ئۆدیشۆ وەڵامی نەداوەتەوە، چونکە لە قەتەرە و خەریکی بەشداریکردنە لە خولی راهێنەرایەتیی پیشەگەری جیهانی".
ئەیوب ئۆدیشۆ پێشتر دووجار سەرکردایەتی یانەی هەولێری کرد لە نازناوی خولی نایابی عێراق کردووە، لە هەردوو جاردا 137 یاری راهێنەری یانەی هەولێر بووە و 80 بردنەوەی هەبووە و 33 یەکسانبوون لەگەڵ 24 دۆڕان. هەروەها جارێک پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا بووە.
بڕیارە رۆژی 17ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێری یانەی هەولێر بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ