کاساس رێگەی گەیشتن بە مۆندیال ئاشکرا دەکات

04-09-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خیسوس کاساس هەڵبژاردەی عێراق پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان زەحمەت دەبێت و پێویستیمان بە پاڵپشتی هاندەرانە."
 
کاساس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی یەکەم یارییان لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئاسیا قسەیکرد و گوتی "داوای لە رێکخەرانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکان دەکەم پابەندبن بە وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەکان، چونکە دواکەوتن کاریگەری لەسەر یاریزانان دروستدەکات لە خواردنیان پشوودانیان."
 
دوای ئەوە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بە رۆژنامەڤانانی گوت "یارییەکەمان بەرامبەر عومان زەحمەتە، ئێمە لە جامی کەنداو دوو یارییمان بەرامبەر ئەوان ئەنجامدا و لە هەردوو یارییەکەدا لە کاتی ئاساییدا لێمان نەبردوونەتەوە، بردنەوەی یارییەکەش مانای گەیشتن نییە بە مۆندیال، ئێمە رێگەیەکی درێژمان لەبەردەمە."
 
کاساس داوا لە هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکەدا لە خولەکی یەکەمەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی یارییەکە پاڵپشتی یاریزانەکان بکەن، بەتایبەتیش لەو کاتەدا کە هەڵە دەکەن، ئەگەر ئەوەیان کرد دەتوانم بڵێم ئەوان یاریزانی ژمارە 12ـن، زۆر گرنگە یارییەکە لە بەسرەیە و لەنێو هاندەرانی خۆمان یارییەکە ئەنجامدەدەین و لە ساتی لەمشێوەیەدا ئێمە پێویستیمان بە پاڵپشتی ئەوانە.
 
خیسوس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە لە رووی بەرگرییەوە هیچ کێشەیەکمان نییە، لە دوایین چوار یارییدا تەنیا یەک گۆڵمان لێکراوە، یانەکانی وەکو ریال مەدرید، بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی لە قۆناخی ئامادەکاریدا گۆڵی زیاتریان لە یارییەکانیان لێکراوە."
 
پرسیار لە کاساس کرا کە درەنگ کەوتنی دەستپێکردنی خولی عێراق، کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردەکە هەیە؟ لە وەڵامدا راهێنەرەکە گوتی "ئێمە 26 یاریزانی گرنگمان هەڵبژاردووە کە بەشێکیان لە ئەورووپا یاری دەکەن، بەڵام گرنگترین شت هەڵبژاردەی عێراقە و داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەکەم کاتەکانی بەڕێوەچوونی خولەکان رێکبخەن بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردەکە نەبێت."
 
خیسوس کاساس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "یەکگرتوویی و پەیوەندیی نێوان تیپ و یاریزانەکان کارێکی زۆر گرنگە و هاوکاریمان دەکات بۆ ئەوەی بگەینە خەونی یارییکردن لە مۆندیالدا."
 
رۆژی پێنجشەممە لە دەستپێکی رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، کاژێر 19:00 هەڵبژاردەی عێراق میوانداری هەڵبژاردەی عومان دەکات.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە